كاسێمیرۆ له باره‌ی مانچێسته‌ر یونایتد خۆی یه‌كلایی كرده‌وه
مانچێسته‌ر یونایتد چه‌ندان هه‌نگاوی دیكه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی كاسێمیرۆ بڕیوه و گفتووگۆیه‌كان بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌راستكاره به‌رازیلییه له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید به‌رده‌وامه، كاسێمیرۆ به هاوڕێ نزیكه‌كانی ژووری جلگۆڕینی ریال مه‌دریدی گوتووه كه نزیكه له یانه ئینگلیزییه‌كه.
سێرخیۆ سانتۆس و سێرخیۆ فێرناندێز له ده‌زگای هه‌واڵی رێلێڤۆی ئیسپانیا كه زۆر نزیكن له كاسێمرۆ، ئاشكرایان كردووه كه ریال مه‌درید و مانچێسته‌ر یونایتد خه‌ریكن له‌باره‌ی كاسێمیرۆ رێبكبكه‌ون.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، مانچێسته‌ر یونایتد ئۆفه‌رێكی 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی كاسێمیرۆ پێشكه‌شی ریال مه‌درید كردووه، به‌ڵام ریال مه‌درید داوای 80 ملیۆن یۆرۆ ده‌كات و پێشبینی ده‌كرێت هه‌ردوولا له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو به 70 ملیۆن یۆرۆ رێكبكه‌ون.
پێگه‌ی زه ئاتڵێتیكی به‌ریتانیا هێمای بۆ ئه‌وه كردووه كاسێمیرۆ به كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی له ژووری جلگۆڕین گووتوه كه ره‌نگه خۆی له نێو درێسی مانچێسته‌ر یونایتد ببینێته‌وه، به‌وپێیه‌ی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد ئاماده‌یه مووچه‌ی كاسێمیرۆ بكاته دوو هێنده‌ی ئێستای كه له ریال مه‌درید وه‌ریده‌گرێت.
كاسێمیرۆی ته‌مه‌ن 30 ساڵ، پێشتر له یانه‌ی ساوپاوڵۆی به‌رازیلی پێگه‌یشتووه، له 2013 په‌یوه‌ندی به تیپی كاستیای ریال مه‌درید كرد، دواتر به‌شێوه‌ی خواستن روویكرده یانه‌ی پۆرۆتۆی پورتوگالی، له 2015 به یه‌كجاری گه‌ڕایه‌وه ریال مه‌درید و له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی جێگیر بوو، له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له كۆی 336 یاری، 31 گۆڵ و 29 ئاسیسی كردووه و پێنج نازناوی چامپیۆنزلگ و 3 نازناوی لالیگای به‌ده‌ستهێناوه و گرێبه‌سته‌كه‌شی له 2025 له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید كۆتایی دێت.