مێسی كریستیانۆ دوای 3 مانگی تر دهتوانن له یانهكانیان بڕۆن
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دیارترین ئەو دوو ئەستێرانەن کە ئەم وەرزە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان کۆتایی دێت، مێرکاتۆی زستانی داهاتوو دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان یانەیەکی دیکە بۆ خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ئەو دوو یاریزانە ئێستا بارودۆخیان زۆر جیاوازە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی، یاریزانی مانچستەر یونایتد لە كۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەکەی كۆتایی دێت، مافی ئەوەی هەیە لە مێرکاتۆی زستانی داهاتوودا یانەیەکی دیکە بۆ خۆی هەڵبژێرێت، لە کاتێکدا بە درێژایی ئەم هاوینە دۆن خەریکی ئەوە بووە یانەیەکی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ یانەیەک رێکنەکەوتووە.
رۆناڵدۆ دووەمین وەرزیەتی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، ئەو یاریزانە ساڵی 2020 بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ ریزەکانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی جێهێشت و دوای ساڵانێکی زۆر گەڕایەوە پرێمەرلیگ و پەیوەندی بە مان یونایتدەوە کردهوه، دەنگۆیەکیش هەیە ئەو یاریزانە دەیەوێت پێشکۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، لەم چەند کاتژمێرەی ماوە یانەکەی جێبیڵیت.
ئەمڕۆ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، دوایین کارتی رۆناڵدۆ یانەی ناپۆلی ئیتاڵیایە، ئەگەر بێت و بەرپرسانی مان یو بە مەرجەکانی یانە ئیتاڵیەکە رازی بن، بەشێک لە مووچەکەی دۆن بدەن، لەوانەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە ئیتاڵیا.
لەلایەکی دیکەوە لیۆنێل مێسی یاریزانی ئارجێنتینایی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنساش تەنها ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ماوە، ئەویش هاوشێوەی رۆناڵدۆ مافی ئەوەی هەیە زستانی داهاتوو یانەیەکی دیکە بۆخۆی هەڵبژێرێت، پێش ئەوەی گرێبەستەکەی کۆتایی بێت.
بابەتی مێسی زۆر لە رۆناڵدۆ جیاوازترە، هەرچەندە دەنگۆیەک هەیە کە بارسێلۆنا لە ئێستاوە هەوڵی گەڕانەوەی لیۆ دەدات بۆ هاوینی داهاتوو، بەڵام لیۆ زۆر ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات، بڕیاریداوە تاوەکو کۆتایی مۆندیالی قەتەر، هیچ قسەیەک لەسەر چارەنوسی نەکات.
مێسی لە گرێبەستەکەیدا بڕگهیهك ههیه كه دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکەش لەگەڵ شازادەکان بەردەوام بێت، هەرچەندە هەوڵێکیش هەیە لە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسیەکە، بگوازرێتەوە بۆ خولی ئەمریکا، بەڵام ئەگەرێکی زۆریش هەیە دووبارە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.