"پیاوێکی ئایینی شیعە" لە بەردەم سەدر بەڵێندەدات عەمامەکەی لاببات
"عەلی شەریفی لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە کچێک ماچ دەکات"
K24 - سلێمانی:
ئەو کەسەی بە عەمامەوە کچێکی ماچ کرد، لەبەردەم سەدر بەڵێندەدات بۆ ماوەی ساڵێک عەمامە لەسەر نەکات.
بەپێی نووسراوێک کە نووسینگەی موقتەدا سەدر بڵاویکردووەتەوە، عەلی شەریفی لە بەردەم موقتەدا سەدر بەڵێنیداوە بۆ ماوەی ساڵێک عەمامەی حەوزەی نەجەف لەسەر نەکات.
عەلی شەریفی بەڵێنیشیداوە کە پابەندبێت بە چوارچێوە شەرعییەکان و بێڕێزی بە حەوزەی زانستیی و زانایان نەکات، هەروەها داوای لێبووردنیشی کردووە لە هەموو دەرکەوتن و هەڵوێستەکانی رابردووی.
منو الي لاعب بالاعدادات مال علي الشريفي رحمة لوالديكم الي لبسه العمامة جاي يشوف لا pic.twitter.com/8cjjWSj5u0
— ﮼أبن ﮼الفرات ﮼ (@abn_furat) September 2, 2022
لە بەرامبەر موقتەدا سەدر نووسیویەتی "پێویستە لەسەرم بیپارێزم" دوای ئەوەی بەڵێنیدا بە لابردنی عەمامە و بێڕێزی نەکردن بە حەوزە، سەدر داواشی لە شوێنەکەوتووانی کردووە چیتر هەڕەشەی لێنەکەن و ئازاری نەدەن .
عەلی شەریفی، کە وەک "پیاوێکی ئایینی شیعە" خۆی ناساندبوو لە ماوەی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆوە کە تەوقە لەگەڵ کچێک دەکات و دواتر یەکتر ماچ دەکەن.

دواتر عەلی شەریفی رایگەیاند، لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن سەر بە رەوتی سەدرن هەڕەشەی لێکراوە و برایەکی لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا بە چەقۆ هێرشی کراوەتەسەر.
هەرچەندە عەلی شەریفی خۆی دەڵێت، لە نەجەف خوێندنی ئایینی تەواوکردووە بەڵام حەوزەی نەجەف رەتیکردووەتەوە لە لایەن پیاوانی ئایینی ئەوانەوە بڕوانامەی پێدرابێت و عەمامەی کرابێتە سەر.
