ژووری بازرگانی سلێمانی: لێخۆشبوون بۆ قەرزی باجی کۆمپانیاکان دەرکرا

"تەنها باجی یەک ساڵ لە کۆمپانیا قەرزارەکانی باج وەردەگیرێت"

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24 - سلێمانی

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، وەزارەتی دارایی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزی باجی کۆمپانیاکان دەرکردووە و تەنها باجی یەک ساڵ لەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت.

لە ئاگاداریەکدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە ئاگاداردەکاتەوە، کە لەکارکردن وەستاون و ساڵانێکی زۆرە باجیان نەداوە، لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێخۆشبونیان بۆ دەرکراوە لە قەرزی باج، تەنھا باجی یەک ساڵیان لێوەردەگرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە رۆژی 3ی ئەیلوول، ئاوات جەناب نووری لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، داوایکردووە، ئەو کۆمپانیایانەی ساڵانێکی زۆرە وەستاون لە کارکردن و باجیان نەداوە، سەردانی فەرمانگەی باج بکەن، بۆ پاکتاوکردنی باجی یەک ساڵ.

بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی باجی کۆمپانیاکان، تا رۆژی (20/9/2022) کاری پێدەکرێت و بە هیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانانی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەو چوارچێوەیەدا رۆژی شەممە (3ی ئەیلوولی 2022) ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژووری بارزانی بڕیاریدا، هێڵی گەرم و لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێندرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

هەروەها رۆژی یەکشەممە (4ی ئەیلوولی 2022) قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەکانی سلێمانیدا کۆبووەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 50 پرۆژەی سلێمانی بەگەڕدەخرێنەوە، رێگەش نادرێت جوڵەی بازرگانی شارەکە لەوە زیاتر لاوازبکرێت و وەبەرهێنەران ناچاربکرێن، سەرمایەکانیان ببەنە دەرەوەی شارەکە.