ئەمڕۆ وتارخوێنی مزگەوتێکی دهۆک ئامادەی نوێژی هه‌ینی نەبوو

دیمه‌نێكی پارێزگای دهۆك
دیمه‌نێكی پارێزگای دهۆك

K24 - دهۆک:

ئەمڕۆ (هەینی 9ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022) پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی (باوەڕی) له‌ شاری دهۆک، لەکاتی نوێژ و گوتاری هه‌ینیدا ئامادەنەبووه‌.

لە سەر ئامادەنەبوونی  پێشنوێژ و وتاربێژه‌كه‌،  کوردستان24  پەیوەندی بە ئەوقافی دهۆک کرد، بەڵام  بەڕێوه‌بەری ئەوقاف بێ ئاگایی خۆی لە ئامادەنەبوونی مامۆستاکە راگەیاند و گوتی:  "ئاگادار نین".

فەرسەت ئۆرەماری، یەکێک لە ئامادەبووانی مزگەوتەکە بە کوردستان 24ـی راگەیاند، دوای چاوەڕێکردنی زۆر، یەکێک لە ئامادەبووان کە خەڵکی شاری هەولێر بوو، چووه‌تە سەر مینبەر و  بۆماوەی 20 خولەک گوتاری هه‌ینی پێشكه‌شكرد.

مزگەوتی باوەڕی دەکەوێتە گەڕەکی نزارکێی شاری دهۆک و ده‌وروبه‌ری نزیکەی 1500 ماڵ لەخۆدەگرێت.

ئامادەنەبوونی پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی باوەڕی لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە پێشتر مامۆستای مزگەوتی سەلاحەددین کە یەکێکه‌ لە گەورەترین مزگەوته‌كانی شاری دهۆک، ئامادەی نویژی هەینی نەبوو.

هەرچەند لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوه‌بەرایه‌تی گشتی ئەوقافی دهۆک، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیه‌كی دابوو، بەڵام تا ئێستا لیژنەکە هیچ ئه‌نجامێكی رانەگەیاندووه‌.