چاڤی: ره‌نگه بدۆڕێین به‌ڵام كه‌سایه‌تیمان له‌ده‌ست ناده‌ین

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێش یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر بایرن میونشن رایگه‌یاند ئێستا تیپه‌كه‌ی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌گه‌ر له‌و یارییه‌ش بدۆڕێن، به‌ڵام كه‌سایه‌تییان له‌ده‌ست ناده‌ن، ده‌شڵێت: ئێمه لیڤاندۆڤسكیمان هه‌یه و متمانه‌م پێی هه‌یه گۆڵ بكات.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 12 ئه‌یلولی 2022، له پرێس كۆنفرانسێكدا چاڤی هێرناندێز رایگه‌یاند پێویسته رابردوو له‌بیر بكه‌ین و كه‌سایه‌تی خۆمان ده‌ربخه‌ن، ده‌شڵێت: بارسێلۆنای ئێستا گۆڕانكاری به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یدا هاتووه و له ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌ییشه‌وه پێشكه‌وتووه.
چاڤی هێرناندێز هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد توماس موله‌ر یاریزانێكی نایابه، ده‌توانێت رۆڵی هێرشبه‌ر و به‌رگریكاریش ببینێت، ده‌شڵێت: به‌رگریكردن له دژی موله‌ر زۆر زه‌حمه‌ته، به‌ڵام به نیاز نیم هیچ یاریزانێك بۆ راگرتنی موله‌ر ته‌رخان بكه‌م، به‌ڵكو پلانی دیكه‌م بۆ ئه‌و یاریزانه هه‌یه.
چاڤی گوتیشی: پێویسته هه‌موولایه‌ك ئه‌نجامی رابردوو له‌بیربكه‌ن، كه‌سایه‌تی ئێستای بارسێلۆنا جیاوازه له‌گه‌ڵ پێشووتر، ره‌نگه به‌رامبه‌ر بایرن میونشن بدۆڕێین، به‌ڵام كه‌سایه‌تیمان نادۆڕێنین، ئه‌گه‌رچی پێموایه ده‌توانین له‌و یارییه سه‌ركه‌وتوو بینین و مێژوو بشكێنین.
چاڤی ده‌شڵێت: ئێمه خاوه‌نی لیڤاندۆڤسكین، یاریزانێكی گرینگ و گه‌وره‌یه بۆ ئێمه، یاریزانێكه ده‌توانێت رێگای گۆڵكردن بدۆزێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت لیڤا ده‌توانێت ئه‌و یاریزانه‌ش بدۆزێته‌وه كه توانای وه‌رگرتنی تۆپی هه‌یه، بێگومان یاریزانی دیكه‌ی باشمان له هێڵی هێرشبه‌ر هه‌یه، ده‌مه‌وێت زیاتر ئه‌و یاریزانه لاوانه بۆ یارییه‌كه هه‌ڵبژێرم كه بۆ یارییه‌كه ئاماده‌ن.
بارسێلۆنا بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی بایرن میونشن گه‌شتی ئه‌ڵمانیای كردووه، سبه‌ی له گه‌ڕی دووه‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ له یاریگه‌ی ئالیانز ئارینا له كاتژمێر 10:00ـی شه‌و ده‌بێته میوانی یانه‌ی بایرن میونشن.