كڵۆپ: سه‌دان پرسیار له‌سه‌ر ئاستی یاریزانه‌كانم له مێشكم دروست بووه

لیڤه‌رپوول له‌پێناو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دۆڕانه گه‌وره‌كه‌ی له گه‌ڕی یه‌كه‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان له یاریی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی له چامپیۆنزلیگ له ئانفێڵد سبه‌ی شه‌و میوانداریی ئه‌یاكس ئه‌مسته‌ردام ده‌كات.
لیڤه‌رپوول له یاریی یه‌كه‌م به چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك به ناپۆلی دۆڕا، ئه‌یاكسیش به چوار گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له رێنجهزری سكۆتله‌ندی برده‌وه.
له‌م یارییه لیڤه‌رپوول به‌هۆی پێكان له تواناكانی ئیبراهیما كۆناتێ و جۆردان ههندهرسۆن و كۆرتێس جۆنس بێبه‌ش ده‌بێت، گومان له یارییكردنی فابیۆ كارڤالۆش ده‌كرێت.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه، 12 ئه‌یلولی 2022، یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی بهراتمبهر ئا‌یاكس رایگه‌یاند پێویسته قه‌ره‌بووی یاریی رابردوو بكه‌نه‌وه، ده‌شڵێت: ده‌بێت ئه‌و دۆڕانه‌مان به‌رامبه‌ر ناپۆلی له‌بیر بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه نابێت ئه‌یاكس به ئاسان وه‌ربگرین و چاوه‌ڕێ بین مه‌ترسیمان له‌سه‌ر دروست بكه‌ن، چونكه پێموایه هه‌میشه ئه‌یاكس له چامپیۆنزلیگ به‌هێزتره، ره‌نگه به‌هێزترین یانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ش بێت.
كڵۆپ گوتیشی: ته‌نیا 10 وشه‌م له‌سه‌ر دۆڕانه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر ناپۆلی خوێنده‌وه، به‌ڵام دووباره سه‌یری یارییه‌كه‌م كرده‌وه، به‌راستی زۆر خراپ بووین، له كۆی 11 یاریزانی تیپه‌كه‌م، 8 یاریزانم زۆر خراپ بوون، 3 یاریزانه‌كه‌ی دیكه‌ش له ئاستی خۆیاندا نه‌بوون، بۆیه له‌و یارییه‌دا سه‌دان پرسیار له مێشكم به‌رامبه‌ر خۆم و یاریزانه‌كانم دروست بوو.
كڵۆپ گوتیشی: چوار بۆ پێنج رۆژمان له‌به‌رده‌م بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م یارییه بكه‌ین، راسته ئێمه پشووی زیاترمان وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌وه پێوه‌ر نییه، ده‌بێت یاریزانه‌كان بزانن یاریی رابردوو چیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م یارییه باشتر یاریی بكه‌ن.
له مێژووی چامپیۆنزلیگ لیڤه‌رپوول و ئه‌یاكس ئه‌مسته‌ردام چوار یارییان به‌رامبه‌ر یه‌كتری كردووه، لیڤه‌رپوول دوو یاریی بردووه‌ته‌وه و ئه‌یاكس ئه‌مسته‌ردامیش له یارییه‌ك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و یارییه‌كیش به به‌رامبه‌ربوون كۆتایی هاتووه له دواین یاریی نێوانیشیان كه له وه‌رزی 2020 بۆ 2021 به‌ڕێوه‌چوو له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان و له ئانفێڵد لیڤه‌رپوول یارییه‌كه‌ی به گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر برده‌وه.