بارودۆخی کۆچبەران لە سوید گۆڕانکاری بەسەردا دێت

پارتە راستڕەوەکان توانیویانە لە کۆی 349 کورسی پەرلەمان 176 کورسی بەدەست بهێنن

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ستۆکهۆڵم

بەگوێره‌ی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید، پارتە راستڕەوەکان کە بە پارتی "دژە کۆچبەر و رەگەزپەرست" ناسراون، توانیویانە لە کۆی 349 کورسی پەرلەمان 176 کورسی بەدەست بهێنن، بەو ئەنجامەش دوای هەشت ساڵ پارتە راستڕەوەکان دەسەڵات وەردەگرنەوە و حکومەت پێکدەهێنن.

دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، ماگدالێنا ئەندەرشۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید دەستیلەکارکێشایەوە و تا حکومەت پێکدەهێندرێت سەرۆکی پەرلەمان کاروبارەکان جێبەجێدەکات.

لە 99%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید هەژمارکراون و بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، پارتە راستڕەوەکان کە پێکهاتوون لە کریستیان دیموکرات، دیموکراتەکانی سوید، مۆدێرات و لیبڕاڵەکان براوەی هەڵبژاردنن و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا نازاندرێت چۆن و کەی و لەگەڵ کێ حکومەت پێکدەهێنن، چونکە هێشتا هەیکەلی حکومەتی نوێی سوید روون نەبووەتەوە.

پارتە راستڕەوەکانی سوید، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان جەختیان لە چەند خاڵێک دەکردەوە، گرنگترینیان نەهێشتنی توندوتیژی و کەمکردنەوەی رێژەی کوشتن و رێگری لە هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بوو، بەم درووشمانە توانیان سەرنجی زۆرترین دەنگدەر رابکێشن و سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئێستا دەبێت دەنگدەر تا هەڵبژاردنی داهاتوو چاوەڕێ بکات بۆ ئەوەی پاداشتی دەنگەکانی وەرگرێتەوە.

کاردۆ خانەقینی کوردێکی دانیشتووی سویدە، ئەمساڵ لە رووداوێکی تەمومژاویدا کوڕێک و دوو برازای لە ستۆکهۆڵم کوژران، دەڵێت: لە کارنامەی بلۆکی راستڕەوەکان جەختی لە نەهێشتی دیاردەی کوشتن کرابوەوە بۆیە دەنگم بە ئەوان داوە.

پارتە راستڕەوەکان کە بە پارتی دژە کۆچبەران ناسراون، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 لە 17.5%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی 11ـی ئەیلوولی ئەمساڵ توانیان لە 20.6%ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن و ببنە دووەم گەورەترین پارت لە سوید. هەرچەندە ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات لەم هەڵبژاردنەش زیادیکردووە، بەڵام دەنگی پارتە هاوپەیمانەکانی کەمیکردووە، بۆیە پارتەکانی بلۆکی چەپ ناتوانن بە تەنیا حکومەت پێکبهێنن.

ئێستا دۆخی سوید لە دۆخی پێش گەردەلوول دەچێت، نازاندرێت چۆن حکومەت پێکدەهێندرێت و حکومەتی داهاتوو چۆن دەبێت. تەنیا شتێک روونبووەتەوە ئەوەیە جەمسەری دژە کۆچبەران لە سوید بەهێز بووە، تاڕادەیەک دەزاندرێت چەند ساڵی داهاتوو بۆ کۆچبەران باش نابێت و ساڵانی بەختی ئەوان نابێت.