تورکیا رەخنە لە هەڕەشەکانی ئەمەریکا دژی سعوودیە و ئۆپێک پڵەس دەگرێت

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مێرسین - فۆتۆ: AA
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مێرسین - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

تورکیا لە بڕیاری ئۆپێک پڵەس پاڵپشتی لە سعوودیە دەکات و هەڕەشەکانی واشنتن دژی ریاز لە بەرامبەر رێککەونتی ئۆپێک پڵەس رەتدەکاتەوە.

مەولوود چاوەش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری مێرسین رایگەیاند، شان بە شانی سعوودیە دەوەستن و هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ریاز بە دروست نابینن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئەلشەرق بلوومبێرگ، تورکیا خۆی هاوردەکارێکی سەرەکی نەوتە و گرانی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر تەرازووی بازرگانی تورکیا کردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا دەیەوێت لە رێگەی ئەو جۆرە لێدوانەوە، هاوکاری دارایی لە وڵاتانی کەنداو و رووسیا وەربگرێت، تاوەکو بتوانێت بەر لە هەڵبژاردنی گشتی لە ساڵی داهاتوو قەیرانی گوزەران لەسەر دانیشتووانەکەی ئاسان بکات، بۆیە ئێستا زیاتر لە سعوودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە خۆی نزیک دەکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بە سەرۆکایەتی رووسیا و سعوودیە لە 5ی ئەم مانگەدا رێککەوتن ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم بکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا دەیەوێت قەیرانی وزە چارەسەر بکات ئەوا پێویستە، سزاکان لەسەر بەرهەمهێنەرانی نەوت هەڵبگرێت ئەوەش وەک ئاماژەیەکە بە ئێران و ڤەنزوێلا. دەشڵێت: "ناکرێت بە هەڕەشەکردن لە وڵاتێک چارەسەری قەیرانی وزە بکەیت".