هه‌ڵه‌بجه.. له مه‌راسیمێكدا كتێبی "جینۆسایدی کاکەییەکان لەناوچە جێناکۆکەکانی عێراق" ناسێندرا

K24 – هه‌ولێر:
له "یانه‌ی سیاچه‌مانه"ی شاری هه‌ڵه‌بجه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ڵه‌بجه، به هاوكاری ڕێكخراوی "شنروێی كاكه‌یی" مه‌راسیمی ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی "جینۆسایدی کاکەییەکان لەناوچە جێناکۆکەکانی عێراق)ی رێكخست.
له مه‌راسیمه‌كه‌دا هه‌ردوو نووسه‌ر خاتوو "كریستینا كۆیڤۆن" و "د. حسێن تاڵه‌بانی" ئاماده‌بوون و تێیدا خاتوو "كریستینا" بە وردی باسی هەوڵە هاوبەشەکەیانی کرد و چۆنیەتی کارکردنیانی خسته‌ڕوو لەپێناو بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی دژ بەگەلی کورد بەگشتی و کاکەییەکان له ناوچه جێناكۆكه‌كان كراون.
دواتر، ئاماده‌بووان به سه‌رنج و پێشنیاز و كۆمێنته‌كانیان وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر گرنگی ئه‌و به‌رهه‌مه و پرۆسه‌ی به دۆكیۆمێنتكردنی تاوانه‌كان، به پێویستیان زانی له ئاستیی دامه‌زراوه‌ییدا گرنگی زیاتر به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی تایبه‌ت به تاوانه‌كانی رژێمی له‌ناوچوو بدرێت.
لەکۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا، خەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە لەلایەن مامۆستا ئەیوب ڕۆستەم، بەرپرسی نووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لەشاری سلێمانی بەخشرایە خاتوو کریستینا و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، محەمەد فەتاح، خه‌ڵاته‌كه بەخشرایە "د. حسێن تاڵەبانی" و خەڵاتی ڕێکخراوی "شنروێی کاکەیی"یش بەخشرایە هەردوو نوسەر .

