نووسەرێکی کورد یەکەمین فەرهەنگی دیپلۆماسی بڵاوكردهوه
K24 - رووسیا:
نووسەرێکی کورد یەکەمین فەرهەنگی دیپلۆماسی بڵاودەکاتەوە و كه بڕگەکانی لە چوارچێوهی کۆمەڵێک ئەدەب و كولتووری جۆراوجۆر کۆکراونەتەوە.
هاوکار حهمە فەرەج نووسەری فەرهەنگەکە به کوردستان24ـی راگهیاند، بڕگەکانی ئەم فەرهەنگە لە کۆمەڵێک کولتووری ئەدەبی جۆراوجۆرەوە کۆکراونەتەوە، کە بریتین لە ئینگلیزی، ئەمهریکی، رووسی و کوردی هەروەها بە سەدان ماڵپهڕی ئینتەرنێت و پەرتووک و رۆژنامە وەکو سەرچاوە سوودیان لێ وەرگیراوە، لە پێکهاتەی فەرهەنگەکەدا چەمکەکان بە زمانی کوردی ناسێندراون و لە بەرامبەریدا هاوواتاکەی بە زمانی ئینگلیزی بەکارهێنراوە و پاشان بە زمانی کوردی چەمکەکان پێناسە کراون.
نوسەری فەرهەنگەکە دەشڵێت: "ناساندنی زاراوە، چەمک و دەستەواژەکان، لە چوارچێوەی زانستی دیپلۆماسی، پەیوەندی نێودەوڵەتی، کاروباری دەرەوەی وڵاتان، کاروباری نێردە دیپلۆماسی، کۆنسوڵگهرییهكان، پەیماننامە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم فەرهەنگە کۆکراونەوە، تاکو چەمکە هاوچەرخ و گەشەسەندووەکانی دیپلۆماسی بە بەرپرسانی حکومی، دیپلۆماسی، ئەکادیمیستەکان و زانایان و قوتابییان نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت ئاشنا بکرێن، كه لە بواری دیپلۆماسی، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا سەرقاڵن.
هاوکار حەمەفەرەج لەبارەی دیپلۆماسییەتەوە دەڵێت: "هونەر و پراکتیکی بەڕێوەچوونی دانوستان، پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و کارامەییە لە مامەڵەکردن. لە هەمانکاتدا ئامرازی سەرەکی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە و حوکمڕانی جیهانە، کە نوێنەرایەتی بەدەستهێنانی ئامانج و ستراتیژییە فراوانەکان دەکات، ئەوەی بیرۆکەی بنچینەیی ئەم فەرهەنگەیە، ناساندنی زاراوە، چەمک و دەستەواژەکانە لە چوارچێوەی زانستی دیپلۆماسی، پەیوەندی نێودەوڵەتی، کاروباری دەرەوەی وڵاتان، کاروباری نێردە دیپلۆماسی، کۆنسوڵگهرییهكان، پەیماننامە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەکاردێن. تاکو چەمکە هاوچەرخ و گەشەسەندووەکانی دیپلۆماسی بە بەرپرسانی حکومی، دیپلۆماسی، ئەکادیمیستەکان و زانایان و قوتابییان نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت بناسێنن، کە لە بواری دیپلۆماسی، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا سەرقاڵن.
هاوکار حمە فەرەج بۆ کوردستان 24 ئەوەشی خستەروو، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی و نێردەی بیانی لە هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەشەوە بوونی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر لە فێرخوازان لە زانکۆ گشتی و تایبەتەکان کە لە بەشەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و زانستی سیاسی دەخوێنن. بەڵام لە رووی ئەکادیمییەوە تا ڕادەیەک ئاوڕ لەم بوارە و چەمکەکانی نەدراوەتەوە. بۆ یەکەم جار ئەم فەرهەنگە ئاوڕێکی رژدی داوەتەوە لە سێکتەری دیپلۆماسی و ناساندنی چەمکەکان بە شێوەیەکی پوخت و ورد.
نووسەر گوتی: "لە هەلومەرج و رووداوە قەیراناوییەکانی ئێستای جیهاندا، پڕۆسەی دیپلۆماسی بە ئامانجی چارەسەرکردن، گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت. لەم رووەشەوە وێنەی دیپلۆماسی مۆدێرن و "زمانی دیپلۆماسی " لە وڵاتەکانی جیهاندا گرنگییەکی تایبەتی وەرگرتووە، دیپلۆماسی زانستە و هونەرە، زانستە لە رێگای خوێندن و لێکۆڵینەوە دەستمان دەکەوێت، کە پشت بە کۆمەڵێک یاسا و رێسای پەیوەندی نێودەوڵەتی دەبەستێت بەڵام ئەم زانستە نابێتە حەقیقەت و پراکتیک ئەگەر دیپلۆماتکارەکان بە زمانێکی پاراو زیرەکانە جێبەجێی نەکەن. بە واتایەکی دیكه گفتوگۆ و قسەی دیپلۆماسی هونەرە کە هاریکاری دیپلۆماتکارەکان دەکات، کە بە چەندین شێواز گوزارشت لە راستییەکان بکەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ سەرکەوتوو بن.