نوێترین کارى هونەرمەند ئامانج ئەمین لە بەغدا نمایش دەکرێت

K24 – ههولێر:
لە هۆڵى فەرمانگەى هونەرى شێوەکارى وەزارەتی ڕۆشنبیرى عێراق، لە پیشانگەیەکدا، کارى هونەرى هەریەک لە هونەرمەندان "ئامانج ئەمین، سۆما دلێر، ڕێژوان عوسمان"، کە لە شارەکانی هەولێر و کەرکووک و سلێمانییەوە بەشداریان کردووە، نمایش کرا.
پێشانگەکە لە ژێر ناونیشانى بەهەشتى عەدەن "Guan Eden" کرایەوە و ئامانجی سەرەکی، بڵاوکردنەوەى هۆشیاری ژینگەییە لە بارەى پاراستنی ژینگە و خاوێنکردنەوەى سرووشت و سوودوەرگرتنەوە لە کاڵا بەکارهێنراوەکان و بۆ ئەو مەبەستە هونەرمەندانی بەشداربوو لە رێی بەکارهێنانى قوماش و پلاستیک و کاڵای بەکارهاتوو، بیرۆکەى داهێنەرانەیان نمایش کرد.
پیشانگەکە بە ئامادەبوونی وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی عێراق و بەڕێوبەرى پەیمانگەى "گۆتە"ـى ئەڵمانی و هونەرمەند و شێوەکارانی عێراق کرایەوە و پەیمانگەى "گۆتە"ـى ئەڵمانی سپۆنسەرى و سەرپەرشتی دەکات و کۆتا چالاکی پڕۆژەیەکی سێ ساڵیی پەیمانگەکەیە.
"ئامانج ئەمین"، یەکێکە لە هونەرمەندە بەشداربووەکان و پڕۆژە هونەرییەکەى بریتییە لە کارێکی هونەرى لەسەر شێوەى "جودەلى"، بە قەبارەى (١٦*١٢) مەتر و بە قوماش درووستکراوە.
پڕۆژەکە ئاماژەیە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەى مەتریاڵەکان بۆ سوودوەرگرتن و کەمکردنەوەى بە فیڕۆدانی سەرچاوە ژینگەییەکان و پیسبوونی ژینگە.
پێشانگەکە ماوەى یەک مانگ لە هۆڵى باڵەخانەى وەزارەتی ڕۆشنبیرى و لاوانی عێراق بەردەوام دەبێت.
ئەم چالاکییە کۆتا نمایشی پڕۆژەی "بەهەشتى عەدەن/ گوان ئیدن"ـە کە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشداری دەدات سەبارەت بە قەیرانی ژینگەیی لە عێراق.