"رووسیا بازاڕی وزەی ئەوروپای بۆ هەتاهەتایە لەدەستدا"

K24 - هەولێر

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایدەگەیەنێت، بۆ هەتا هەتایە رووسیا بازاڕی وزەی ئەوروپای لەدەستدا.

فاتیح بیرۆڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە کۆڕبەندی وزە رایگەیاند، رووسیا بازاڕی ئەوروپای بۆ هەتا هەتایە لە دەستدا، کە گەورەترین بازاڕی بوو.

بیرۆڵ ئاماژەی بەوەشدا، ئاژانسەکەیان پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا بە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، تاوەکو کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو کەمبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە 5ـی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتووەوە، یەکێتی ئەوروپا بە تەواوی هاوردەی نەوتی رووسیا رابگرێت.

هاوکات ئێستاش وڵاتانی گرووپی حەوت کار دەکەن، بۆ ئەوەی نرخی کڕینی نەوتی رووسیا سنووردار بکەن، کە ئامانجیانە داهاتی نەوتی مۆسکۆ کەمبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی سنووردارکردنی نرخی نەوتی رووسیا دابەش بوونە و یەک دەنگ نین.

Fly Erbil Advertisment