ئێرڤین ھیکس: کەرتی تایبەت دەتوانێت ببێتە بزوێنەری گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان
K24 – هەولێر
ئێرڤین ھیکس، کۆنسولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کەرتی تایبەت توانای ئەوەی هەیە ببێتە بزوێنەری گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەلی کار بە مووچەی بەرز بۆ کارخوازان دابینبکات.
کونسولی ئەمەریکا لە هەولێر، ئەمڕۆ (پێنجشەممە ٨ـی کانوونی یەکەم) لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامی رووپێوی دامەزراوە زۆربچووک، بچووک و مامناوەندکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادەبوو و لە گوتارێکدا باسی لە کەرتی ئابووری و گەشەسەندنی ئەو کەرتە کرد.
ئێرڤین ھیکس، لەبارەی رووپێوەکەوە گوتی: رووپێوەکە زانیاری گرنگی تێدایە بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان. رووپێوەکە دەریدەخات کە پێویستە ژنان و گەنجان رۆڵی پێشەنگیان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئابوورییەکاندا هەبێت.
بەگوێرەی قسەکانی ئێرڤین ھیکس، ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان و ژووری بازرگانی، هەوڵ بۆ بەڕێوەبردنی کەشی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەدەن.