یەکێتی ئەوروپا 19 ملیار دۆلاری رووسییەکان بلۆک دەکات

یەکێتی ئەوروپا نۆ پاکێجی سزای بەسەر 1241 کەسایەتی و 118 رێکخراودا سەپاندووە

K24 - هەولێر

دەزگای ئاماری یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، چەند وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتییەکەدا بەهۆی سزاکانی سەر مۆسکۆوە بڕی 18.9 ملیار یۆرۆی کەسایەتی و رێکخراوە رووسییەکانیان بلۆکردووە.

دەزگای ئاماری یەکێتی ئەوروپا راشیگەیاند، ئەو وڵاتانەی پارەی کەسایەتی و رێکخراوە رووسییەکانیان بلۆک کردووە بریتین، لە بەلجیکا 3.5 ملیار یۆرۆ و لۆکسۆمبۆرگ 2.5 ملیار یۆرۆ و ئیتالیا و ئەڵمانیا پێنج ملیار یۆریان بلۆکردووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، یەکێتی ئەوروپا بەتۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای رووسیا، نۆ پاکێجی سزای بەسەر 1241 کەسایەتی و 118 رێکخراودا سەپاندووە.

جەنگی نێوان رووسیا – ئۆکرانیا، لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکردووە و رووسیا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکردووە، لە هەندێک ناوچەش پاشەکشەی کردووە.

Fly Erbil Advertisment