كۆنگۆی دیموكرات.. 120 كه‌س به‌هۆی لافاوه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا
K24 - هه‌ولێر:
له كۆنگۆی دیموكرات به‌هۆی دروستبوونی لافاوه‌وه 120 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ش بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له سه‌رتاسه‌ری وڵات راگه‌یاند.
ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه 13ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، حكومه‌تی كۆنگۆی دیموكرات له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، به‌هۆی بارینی رێژه‌یه‌كی زۆری باران له (كینشاسا)ـی پایته‌خت و چه‌ند شارێكی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته لافاو دروستبوو و به‌هۆیه‌وه 120 هاووڵاتیی گیانیان له‌ده‌ستدا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی لافاوه‌وه زیاتره له‌و ژماره‌یه‌ی حكومه‌ت رایگه‌یاندووه. گوتیشی، "چه‌ندین كه‌س تا ئێستا بێسه‌روشوێنن، بۆیه ژماره‌كه له‌ماوه‌ی داهاتوودا زیاترده‌بێت".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه، دانیال ئوسیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی كۆنگۆی دیموكرات به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و ژماره‌ی هاووڵاتییانه‌وه، بڕیاریدا بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته رابگه‌یه‌نێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی كۆنگۆی دیموكرات، لافاوه‌كه ته‌نها له سه‌نته‌ری (كینشاسا)ـی پایته‌خت دروستنه‌بووه، به‌ڵكو ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره‌ش گرتووه‌ته‌وه و زیانی گیانی و ماددی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه.



