دەنگی تەقینەوە لە ناوچەی سیریک بیسترا

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە سیریک لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران بیستراوە. ئاژانسی هەواڵی فارس باسی لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لەو ناوچەیە کردووە، هاوکات ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردەوە، ناوچەکە رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.

پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە ناوچەی سیریک بیستراوە، بەڵام تا ئێستا سروشتی ئەو هێرشە یان وردەکاریی ئەو شوێنانەی لە باشووری ئێران کراونەتە ئامانج، رووننەکراوەتەوە. ئەم پێشهاتانە چەند رۆژێک دوای بیستنی دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە دوورگەی قشم و بەندەر عەباس لە پارێزگای هورمزگان دێن، کە هاوکات بووە لەگەڵ سووڕانەوەی چڕی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژانی 3 و 7ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئاشکرایکردبوو، ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی سنوورداری دژی ئێران کردووە و جەختیکردبووەوە، هێرشەکان ئامانجەکانیان پێکاوە.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە. لەمبارەیەوە ترەمپ رایگەیاند: "کاری سەربازی لە ئێران پێویست نابێت، چونکە ئەوان بە توندی دەیانەوێت گرێبەستێک واژۆ بکەن، گەڕانەوە بۆ جەنگیش بەستراوەتەوە بەوەی ئاخۆ ئێرانییەکان رێککەوتنێک واژۆ دەکەن یان نا."