وادەی کردنەوەی توونێلی دەربەندیخان دیاریکرا
"کارکردن بۆ نۆژەندکردنەوەی توونێلەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن کۆتایی هاتووە"

K24 - سلێمانی
کارەکانی نۆژەندکردنەوەی توونێلی دەربەندیخان، بەشێوەیەکی مۆدێرن کۆتایی هاتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بە رووی هاتووچۆی شۆفێراندا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی کانوونی یەکەمی 2022) ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێدوانێکی فوئاد حەمەباقی، بەڕێوەبەری راگەیاندن، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەی توونێلی دەربەندیخان لە كۆتایی نزیكبوونەتەوە و هەفتەی داهاتوو توونێلەكە بە رووی شۆفێران و بارهەڵگرەكاندا دەكرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تونێلی دەربەندیخان و نۆژەندکردنەوەی، بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دیناری تەرخانکردووە، لە رۆژی (2ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکرد.
فوئاد حەمەباقی دەڵێت ''بڕیاربوو كۆتایی ئەم هەفتەیە توونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێران و بارهەڵگراندا بكرێتەوە، بەڵام کردنەوەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواكەوتووە، توونێلەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن نۆژەنكراوەتەوە، كە رەچاوی سەلامەتیی هاتووچۆ کراوە و ڕووناككەرەوەی بۆ دانراوە".
تونێلی دەربەندیخان کە درێژییەکەی کەمترە لە کیلۆمەترێک، دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی سلێمانی – ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 70 ساڵە دروستکراوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی کۆنی و چەند رووداوێکی پێکدادان و ئاگرکەوتنەوەوە، زیانی بەرکەوت.