بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه واده‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ی رێگه‌ی ناوته‌ق – ده‌ربه‌ندیخان ئاشكراده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن رایده‌گه‌یه‌نێت، رۆژی یه‌كشه‌ممه به‌ردی بناغه‌ی رێگه‌ی ناوته‌ق – ده‌ربه‌ندیخان داده‌نرێت. له‌باره‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تونێلی ده‌ربه‌ندیخانیش، ده‌ڵێت، "به دوو قۆناغ تونێله‌كه نۆژه‌كراوه‌ته‌وه و زیاتر له 500 ملیۆن دیناری بۆ خه‌رجكراوه".
ئه‌مڕۆ هه‌یینی 16ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، د. ئاگرین عه‌بدوڵڵا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 له‌باره‌ی ته‌واوبوونی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تونێلی ده‌ربه‌ندیخان و كردنه‌وه‌ی به‌ڕووی شۆفێراندا قسه‌یكرد و رایگه‌یاند، تونێله‌كه به دوو قۆناغ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ قۆناغی یه‌كه‌م 187 ملیۆنی خه‌رجكردووه و بۆ قۆناغی دووه‌میش 380 ملیۆن دینار.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ن بارهه‌ڵگره‌كان تونێله‌كه‌دا به‌كارینه‌هێنن، چونكه به‌گوته‌ی ناوبراو، زۆرینه‌ی رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌هۆی بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه بوونه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، به‌ردی بناغه‌ی رێكه‌ی ناوته‌ق – ده‌ربه‌ندیخان داده‌نرێت. گوتیشی، رێگه‌كه كه درێژییه‌كه‌ی 22 كیلۆمه‌تره، شه‌ش مانگی بۆ دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوبكرێت.
له‌باره‌ی پرۆژه‌كانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای سلێمانی له‌ماوه‌ی ساڵی 2022ـدا، د.ئاگرین عه‌بدووڵا رایگه‌یاند: وه‌كو وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی كێشه‌ی دابیننه‌كردنی نه‌ختینه به‌تایبه‌ت له بانكه‌كانی سلێمانیدا، له پرۆژه‌كانی رێگا و بان رازی نین، چونكه پرۆژه‌كانی سنووری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌ری هیچ پێشوه‌چوونێكیان به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. گوتیشی، "له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه هیچ كێشه‌مان نییه، له‌ڕووی گرێبه‌سته‌وه هه‌موو شتێك روونه، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه نه‌ختینه‌یه".