به‌ریتانیا.. خێزانه‌كان ناتوانن تێچووی نانی نیوەڕۆی منداڵەکانیان لە قوتابخانەکاندا دابین بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

كاتی ئێواره‌یه‌ له‌ قوتابخانه‌ی (سانت ماری)ـی بنه‌ڕه‌ت، قوتابییه‌كان به‌ پووشاكی شینه‌وه‌ دێنه‌ قوتابخانه‌. به‌شێك له‌ قوتابییه‌كان ژه‌می رۆژانه‌ كه‌ له‌ مریشك و سه‌وزه‌ پێكهاتووه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێنن و له‌ ده‌وری مێزه‌ پلاستیكییه‌كانه‌وه‌ داده‌نیشن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌ قوتابییه‌كان ژه‌مێكی خواردنی سارد كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ هێناویانه‌ ده‌خۆن.

قوتابخانه‌كه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری له‌نده‌ن ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابیانی هه‌ژار له‌ خۆ ده‌گرێت، له‌كاتێكدا نیوه‌ی قوتابیانی قوتابخانه‌كه‌ سوودمه‌نده‌بن له‌ ژه‌می خواردنی بێبه‌رامبه‌ر كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دابینكراوه‌.

به‌ڵام ئێستا هه‌موو خێزانێك له‌ به‌ریتانیا ئه‌و مه‌رجانه‌یان پێ جێبه‌جێ ناكرێت كه‌ بۆ ئه‌و ئیمتیازه‌ پێویستن و له‌ ناوه‌ڕاستی قه‌یرانی ئابووریدا به‌شێك له‌ باوكان تووشی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ پێدانی 2،40 پاوه‌ندی به‌ریتانی بۆ ژه‌مه‌ خوراكی نیوه‌ڕۆوانی منداڵه‌كانیان.

كلێر میچل، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ تێبینی تێكچوونی باری ژیانی خێزانه‌كان كردووه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا و دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر چووه‌ دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ی خوراك كه‌ رووبه‌ڕووی به‌ریتانیا بووه‌ته‌وه‌.

ده‌شڵێت، "به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كان كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ یان كاتژمێره‌كانی كاركردنیان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ شاری (كلندن) كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام نرخی شتومه‌كه‌كان به‌رزده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و خێزانانه‌ی له‌و شاره‌ نیشته‌جێنه‌ توانای دابینكردنی خه‌رجییه‌كانیان نه‌ماوه‌.

رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ به‌ریتانیا گه‌یشتووه‌ته‌ 11%، له‌ كاتێكدا نرخی كرێی وزه‌، كاره‌با و خوراك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌.

 ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی به‌ریتانیا چیرۆكی جیاواز له‌ ناوچه‌كانی جیاوازی وڵاته‌كه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، چیرۆكی مامۆستایان و ته‌نانه‌ت ئه‌و قوتابییانه‌ی ژه‌مه‌ خۆراكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قوتابیانی دیكه‌ به‌ش ده‌كه‌ن سندوقی خواردنیان نزیكه‌ له‌وه‌ی به‌تاڵ بێت. له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌شێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌ڵێن، به‌شێك له‌ قوتابییه‌كان له‌ شه‌رمه‌زاریدا خۆیان ده‌شارنه‌وه‌.

میچل روونیشیده‌كاته‌وه‌، قوتابخانه‌ی (سانت ماری) ناوه‌ندێكی نانخواردنی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و ژماره‌ی ئه‌و باوكانه‌ی ده‌یانه‌وێت سوود له‌ پاشماوه‌ی خواردنه‌كان وه‌ربگرن روو له‌ زیادبوون كردووه‌  و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌ باوكان كێشه‌ داراییه‌كانیان ده‌شارنه‌وه‌ به‌هۆی بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ كه‌رامه‌ت و ترسی چه‌واشه‌كاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌.

به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌نێو یه‌كێك له‌ پێشكه‌وتووترین شاره‌كانی جیهاندا ده‌ژین، ئه‌مه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌.

ئیستا ملیۆنان به‌ریتانی به‌بێ ئامێری گه‌رمكه‌ره‌وه‌ن و ناتوانن به‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت، خواردن بخۆن، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان رۆژانه‌ له‌ جێگه‌ی سێ ژه‌می خواردن، دوو ژه‌م یان ژه‌مێكی خواردن ده‌خۆن.

ڕێکخراوی خێرخوازی "ساتن تراست" کە راپرسیی لەسەر کۆمەڵێک مامۆستا ئەنجامداوە، ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو منداڵانە زیادبووه‌ کە خێزانەکانیان توانای خەرجکردنی نانی نیوەڕۆیان لە قوتابخانەکانیاندا نەماوە.

 کاریگەری لەسەر ئایینده‌

 ستیفانی سلەیتەر، دامەزرێنەری کۆمەڵەی "بابەتی خۆراکی قوتابخانەکان"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس-پرێس، روونیکردەوە، " دەبێت خێزانه‌كان داهاتی ساڵانەیان له‌ 7,400 پاوه‌ند كه‌متر نه‌بێت، لەگەڵ زیادکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی بتوانن سوودمەندبن لە ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر لە قوتابخانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم ژمارەیە زۆر کەمە، بە تایبەت بۆ ئەو خێزانانەی کە ئەندامەکانیان زۆرە.

به‌گوێره‌ی گروپی چالاکی هەژاری منداڵان، هه‌شت سه‌د هەزار منداڵی هەژار لە به‌ریتانیا بەهۆی ئەم پێوەرانە شایستەی خواردنی بێبەرامبەر نین لە قوتابخانەكان.

"گرووپی کردەوەی هەژاری منداڵان" و "بابەتی خۆراکی قوتابخانەکان" داوای ئەوە دەکەن نانی نیوەڕۆ لە قوتابخانە حکومییەکانی بەریتانیا بەخۆڕایی بێت، "هاوشێوەی ئەوەی لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی وەک فینلاند هه‌یه‌".

ئەستێرەی تۆپی پێی ئینگلیزی مارکوس ڕاشفۆرد و گۆرانیبێژ زەین مالیک کە لە تەمەنی گەنجیدا سوودمەند بوون لە ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر، هەڵمەتێکیان دژی حکومەتەکانی بۆریس جۆنسۆن و ڕیشی سوناک دەستپێکرد و بەم شێوەیەش بەشدارییان کرد لە وروژاندنی ئەو پرسە بە رای گشتی.

سەبارەت بە سەرۆکی شارەوانی لەندەن کە خاوەنی زنجیرە فرۆشگا بەناوبانگەکەی "تێسکۆ"یە، ئەو داوای کرد، وەک زۆرێک، ئەو ستانداردانە بگۆڕن کە پێویستە بۆ ئەوەی خوێندکاران سوودمەند بن لە ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر، یان تەنانەت ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر بۆ هەمووان لە قوتابخانە سەرەتاییە حکومییەکان دابین بکرێت.

سەبارەت بە وێڵز و سکۆتلەندا، ئەوان بەرەو وەرگرتنی ئەم چارەسەرە دەڕۆن، لە کاتێکدا دەستپێشخەرییەکان لەناو گەڕەکەکانی لەندەن سەریان هەڵداوە بە ئامانجی دابینکردنی دارایی نانخواردنی نیوەڕۆی بێبەرامبەر.

بەڵام حکومەتەکەی ریشی سوناک سەبارەت بەم بابەتە هیچ وەڵامێکی نه‌بووه‌.

گوتەبێژی حکومەتی ئینگلتەرا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "زیاتر لە یەک لەسەر سێی خوێندکاران لە ئینگلتەرا سوودمەندن لە ژەمە خۆراکییەکان  و ئێمە بەرنامەی نانی بەیانی قوتابخانەکان فراوانتر دەکەین و بڕی 30 ملیۆن پاوه‌ند بۆی تەرخان دەکەین".

پسپۆڕانی بوارەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە قوتابییان بە برسێتیه‌وه‌ دەچنە قوتابخانە و له‌وانه‌یه‌ کێشەی هەمیشەیی دروست بکەن.

کلێر میچڵ دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە چەندین هۆکار هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی خوێندکاران لە قوتابخانەدا ڕووبەڕووی کێشە و گرفت ببنەوە، بەڵام برسێتی ڕۆڵێکی گەورەی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی تەرکیزکردنیان هەیە، چونکە لەوانەیە ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی تواناکانیان و بەم شێوەیە دەرفەتەکانی داهاتوویان سنووردار بکات".