بەشێک لە ئاوارەکانی نەینەوا لە گەڕانەوە بێ ئومێد بوونە

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کۆچبەرانە

K24 – ئاکرێ

18ی کانوونی یەکەم، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژی جیهانی کۆچبەران دەستنیشان کراوە.

بەهۆی شەڕ و دۆخی ئەمنی و ئابووری، ژمارەیەک لە خەڵکی عێراق ئاوارە یان پەنابەرن، كه‌مپی ماملیان یەکێکە لەو کەمپانەی سنووری قەزای ئاکرێ، کە ژمارەیەک لەو کوردانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە مووسڵ ئاوارەبوونە ماوەی هەشت ساڵە لەو کەمپەدا نیشتەجێن.

300 خێزانی ئاوارە لە کەمپی ماملیان نیشتەجێن، ئەوان بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و ئابووری مووسڵ لەوە بێ ئومێد بوونە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

عەزیز تاجەدین، یەکێکە لەو ئاوارانەی لە کەمپی ماملیان  نیشتەجێیە ئەو بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2014 کاتێک داعش هێرشی کردە سەر مووسڵ ئێمە هاتینە سنوور دهۆک، ماوەی هەشت ساڵە لەم کەمپەدا دەژین، هیچمان لە مووسڵ نەماوە تا بگەڕێینەوە مووسڵ".

یەکێکی دیکە لە ئاوارەکانی ئەو کەمپە بەناوی مووسا مستەفا، دەڵێت: "ئێمە بێ ئومێد بووینە لەوەی بگەڕێینەوە مووسڵ، بۆیە داواکارین لێرە چارەیەک لە حاڵی ئێمە بکەن، منداڵەکانمان لێرە گەورەبوون، هیچ نەبێت لەبەر خاتری ئەوان".

حه‌سه‌ن سه‌لیم، ئاوارەیەکی مووسڵە لە سنووری ئاکرێ نیشتەجێیە، باس لەوە دەکات تا دۆخی مووسڵ بەو شێوەیە بێت ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە بگەڕێنەوە مووسڵ، دەشڵێت: "پێمان خۆشە ناوچەکانمان بکەوێنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەی بژین".

Fly Erbil Advertisment