عەلی تەتەر: هەندێک کەناڵی راگەیاندن تەنیا شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکەن

K24 – دهۆک

پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت، هەندێک لەو کەناڵانەی راگەیاندن بەردەوام هەوڵی گێرەشێوێنی دەدەن، بەڵام ئامادەنین رووماڵی پڕۆژە و دەستکەوتەکانی حکومەت بکەن.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی رێگەیەکی سنووی قەزای بەردەڕەش، گلەیی لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن کرد و گوتی: "لە دڵەوە گلەیی لە کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان دەکەم، ئەگەر مەترێک شەقام تێکبچێت هەموو کەناڵەکان بۆ رووماڵ ئامادە دەبن، بەڵام کاتێک رێگەیەکی 44 کیلۆمەتری وەک ئەم رێگەیە دەکەوێتە خزمەتی خەڵک ئامادەنین رووماڵی بکەن، ئەو دوو روویی و دووفاقییەی ئەوان مایەی سەرکۆنە کردنە".

پارێزگاری دهۆک گوتیشی: "زۆر شەرم و شوورییە بۆ ئەو کەناڵانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و گەورە دەزانن، بەردەوام گلەیی و گازاندە بڵاودەکەنەوە، لانی کەم وەرن بڵێن ئەو رێگەیە بەهۆی گلەیی و گازاندەکانی ئێمە چاککراوە، بەداخەوە ئامانجی ئەو جۆرە کەناڵانەی راگەیاندن خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو تەنیا دەیانەوێت شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەن و ئامانجە سەرەکییەکانی وڵات لەبەر چاوی خەڵک رەش بکەن".

عەلی تەتەر، جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی پڕۆژ خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی زمەتی زیاتر بە خەڵک، گوتی: "لە ماوەی سێ ساڵدا 66 پڕۆژەمان لە قەزای بەردەڕەش بە گوژمەی 65 ملیار 855 ملیۆن و  ئەنجامداوە، جگە لە پڕۆژە بچووکەکان".