گەشتیارێکی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە هەوڵی بردنەدەرەوەی دراوی بیانی داوە
K24 - هەولێر:
گەشتیارێک لە فڕۆکەخانەی نەجەف کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بووە، ویستوویەتی بڕێک دراوی بیانی بەپێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق بگوازێتەوە، هەربۆیە لە فڕۆکەخانە دەستگیرکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، مەفرەزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی پێنج گەشتیارێکی عێراقی دەستگیردەگرن کە بەپێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، بڕێکی بەرچاو دراوی بیانی هەڵگرتووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە، گەشتیارە عێراقییەکە بڕی 72 هەزار و 660 دۆلاری ئەمەریکی و 296 هەزار وۆنی کۆریای باشووری پێبووە، کە دەکاتە نزیکەی 231 دۆلار.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی، گەشتیارەکە ویستوویەتی ئەو بڕە پارەیە لەرێگەی ترانزێتەوە لە هێڵی ئاسمانی قەتەرییەوە بۆ کۆریای باشوور بگوازێتەوە.
ئاماژە بەوەشدرا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و تەواوی بەڵگەنامەکان دەخرێتە بەردەمی دادوەری لێکۆڵەر.