هەرێم کەمال ئاغا: رێککەوتن لەسەر گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەت کراوە

"کۆمەڵیک گرێکوێرە کراونەتەوە و ئەمەش رەنگدانەوەی باشی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەبێت"

K24 – هەولێر

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئاشکرایکرد کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەتی هەریمی کوردستان کردووە و دوای پشووەکانی سەر ساڵی زایینی، کۆدەبنەوە.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، میوانی گەشتێکی هەواڵی کورستان٢٤ بوو و لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی یەکێتی و پارتی تێبینییەکانی یەکتریان بەدەستگەیشتووە، رایگەیاند، "لەیەکتێگەیشتنی باش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە. لەو چەند رۆژە بڕیاربوو کۆبوونەوە بکرێت و بۆ ئەمەش نیەتپاکی نیشاندراوە، بەڵام بەهۆی پشووەکانەوە دەخرێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو. کۆمەڵیک گرێکوێرە کراونەتەوە و ئەمەش رەنگدانەوەی باشی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەبێت".

هاوکات پارتی و یەکێتی بەنیازی هەندێ گۆڕانکارین لە پۆستە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.

پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی 1٤ی خۆی، بڕیاریدا هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی کە پۆستی باڵای لەنێو حکومەت یان پەرلەماندا هەیە، پێویستە واز لەو پۆستەی بهێنێت.

هەروەها بەگوێرەی لێدوانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چه‌ند ناوێك بۆ جێگرتنه‌وه‌ی چه‌ند وه‌زیرێك له‌نێو كابینه‌ی نۆیه‌مدا پێشنیاركراون، رێباز بێركۆتی بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری بۆ شوێنی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا. ئەو دوو پۆستە وەزارییە، پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانن لە ناو کابینەی نۆیەمدا.

هەرێم کەمال ئاغا، سەبارەت بەو گۆڕانکارییانە گوتی: گۆڕانکارییە حکومییەکان بەیەکەوە دەبێت، چونکە بەشێکیان پێویستیان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەشیکی دیکە پێویستیان بە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران هەیە و پێدەچێت رێککەوتن لەسەر ئەمە کرابێت".

Fly Erbil Advertisment