ئێران مەودای مووشەکە بالیستییەکانی زیاد دەکات

میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند، گۆڕانکاریی هونەری لە مووشەکە بالیستییەکانی وڵاتەکەیاندا دەکرێت توانای گەیشتن بە خاکی ئەمریکای پێ ببەخشێت. ئەمەش تازەترین ئاماژەیە بۆ فراوانکردنی مەودای هەڕەشە مووشەکییەکان دوای لابردنی سنووری 2 هەزار کیلۆمەتری.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، نەخشەرێگەیەکی دوو قۆناخی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کردووە. قۆناخی یەکەم بە مووشەکی خوڕەمشەهر 4 دەست پێ دەکات، کە ئاژانسەکە رایگەیاند، بە کەمکردنەوەی کێشی سەرەجەنگییەکەی لە 2 تۆنەوە بۆ 1 تۆن یان 500 کیلۆگرام، مەوداکەی دەکرێت بۆ 3 بۆ 4 هەزار کیلۆمەتر بەرز ببێتەوە. بەگوێرەی راپۆرتی تەسنیم، ئەم مەودایە بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و تەنانەت ناوەڕاستی ئەوروپاش دەخاتە بەر مەترسی.

وێنە: مووشەکی بالیستی ( زولفەقاری)ـی ئێران

سەبارەت بە قۆناخی دووەم، ئاژانسەکە روونیکردەوە، مووشەکێکی کیشوەربڕ پێویستی بە مەودای نزیکەی 10 هەزار کیلۆمەترە بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا لە نزیک واشنتن و نیویۆرک، بۆ داپۆشینی تەواوی خاکی ئەمریکاش پێویستی بە زیاتر لە 13 هەزار کیلۆمەترە. تەسنیم پێی وایە ئەمە ئێستا لە رێگەی هەڵگرەکانی مانگی دەستکردی سەر بە سوپای پاسداران وەک قاسد، زولجەناح و قائم پاش گۆڕانکاری تێیاندا و ئامادەکردنی کۆگاکان لەژێر زەوی و پەرەپێدانی سەرەجەنگییەک کە بەرگەی گەڕانەوە بۆ بەرگەهەوا بگرێت، دەکرێت.

وێنە: مووشەکی بالیستی ( فەتاح )ـی ئێران

هەفتەی رابردوو، موجتەبا خامنەیی فەرمانی داوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک بەبێ سنووری جوگرافی بدرێتەوە و بانکی ئامانجەکان نوێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە مادی و نامادییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگرێتەوە. تەسنیم دانی بەوەدا نا کە عەلی خامنەیی پێشتر خۆی رێگری لە تێپەڕاندنی سنووری 2 هەزار کیلۆمەتر کردبوو، چونکە بەرژەوەندی ئەو کاتەی تاران ئەوەی نەدەخواست.

سەرەتای هەفتەی رابردوو، حوسێن مۆحبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، سنووری 2 هەزار کیلۆمەتر هەڵگیراوە، بەڵام مەودای نوێی دیاری نەکرد. ئەم سنوورە پێشتر بڕیارێکی سیاسی بووە نەک تەکنیکی و سەرکردەکانی پێشوو وەک رەچاوکردنی ئەوروپییەکان باسیان دەکرد. لە ئابی 2025، ئەمیر حەیات موقەدەم، جەنەراڵێک لە سوپای پاسداران، رایگەیاندبوو تاران لە رووی تیۆرییەوە دەتوانێت واشنتن و نیویۆرک لە دەریاوە بکاتە ئامانج. هەروەها کامەران غەزەنفەری لە لێدوانێکی پێشوودا رایگەیاندبوو، ئێران لەمێژە مووشەکی کیشوەربڕی بەرهەمهێناوە، بێ ئەوەی بەڵگەیەک بخاتە روو.

وێنە: مووشەکی بالیستی ( ئەبو مەهدی)ـی ئێران

هاوکات لەگەڵ ئەمەش، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران پەیامێکی روونتری بڵاوکردەوە. شرۆڤەکارێکی سەربازی لەو تەلەفزیۆنەوە گوتی، یەکەی مووشەکی بەبێ دەنگی و دوور لە چاوی میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵ، دوو مووشەکی نوێی خستووەتەڕوو. یەکەمیان بە یەکەم مووشەکی کروزی شێوە نەبینراوی ئێران ناوبرا، کە بزوێنەرەکەی لە ناوەوەی مووشەکەکەدا جێگیر کراوە تا ئاشکراکردنی ئەستەم بێت. هەروەها پێکهاتەی مووشەکەکە سادە نییە، ئەمەش بۆشایی راداری زۆر کەم دەکاتەوە و یارمەتی مووشەکەکە دەدات بەسەر سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیدا زاڵ بێت.

مووشەکی دووەم، مووشەکێکی بالیستییە کە سەرەجەنگییەکەی مووشەکی فەتاح لەگەڵ مووشەکی خەیبەرشکێن 2 تێکەڵ کراوە. شرۆڤەکارەکە رایگەیاند، مەودای فەتاح لە 1400 کیلۆمەترەوە بۆ نزیکەی 2 هەزار کیلۆمەتر بەرز بووەتەوە، ئەمەش رێگە دەدات لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئێرانەوە ئاراستە بکرێت بۆ ئەوەی بە توندییەکی زیاتر لە جاران ئیسرائیل بکاتە ئامانج. 

لە چوارچێوەی ئەو پەیامانەدا، سێشەممە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، دیمەنی گەشتێکی عەلی عەبدوڵڵایی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای ئێرانی پەخش کرد. عەبدوڵڵایی گوتی، ئێران، بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل لەناودەبات و وەڵامی هەر هێرشێکی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش دەداتەوە.

وێنە: مووشەکی بالیستی ( فەتاح )ـی ئێران

هاوکات محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپا گوتی، بنکە و هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەر شوێنێک لەبەردەست بن دەبنە ئامانجی ئەگەری. هەروەها محەمەد تەیارانی موقەدەم، ئەفسەرێک لە یەکەی مووشەکی و برای دامەزرێنەری بەرنامەی مووشەکی ئێران رایگەیاند، تاران خاوەنی مووشەکی پلازمایە کە دەتوانێت بگاتە هەر خاڵێکی جیهان و پێش پێکانی ئامانجەکەی سەرجەم سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان لەکار دەخات.

سەبارەت بە دۆخی جەنگ، رۆژنامەی کەیهانی سەر بە نوێنەری خامنەیی، ناوی ئیتالیا، بەریتانیا، رۆمانیا، قوبرس و یۆنانی هێناوە وەک ئەو وڵاتانەی کە رەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆ تێیاندا بکرێنە ئامانج. لەم نێوانەدا، رۆژنامەی هەمشەهری نەخشەی بنکە ئەمریکییەکانی لە ئەوروپا بڵاوکردەوە وەک ئامانجی ئەگەری. پێشتر بەریتانیا لە ئازاری رابردوودا رایگەیاندبوو، ئێران هەوڵی داوە بنکەی دیێگۆ گارسیا بکاتە ئامانج کە 4 هەزار کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

وێنە: مووشەکی بالیستی ( خەیبەر شکێن )ـی ئێران

لە بەرامبەردا، ئەحمەد بەخشاییش ئەردستانی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان، شەممە گوتی: "ئەگەری روودانی جەنگ هەر ماوە، ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام". ئەو بەرپرسە رایگەیاند، تاران بە واشنتنی گەیاندووە هەر هێرشێک وەڵامی راستەوخۆی بۆ ئیسرائیل دەبێت. لە هەمان کاتدا عەلائەدین برووجەردی، ئەندامی هەمان لێژنە بە ئاژانسی مێهری حکوومی گوتووە: "بەدڵنیاییەوە دەبێت تۆڵەی خوێنی سەرکردەکەمان لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکەینەوە".

لای خۆیەوە سوپای پاسداران شەممە رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری ئێم کیو-1ـی لە ئاسمانی دوورگەی قشم خستووەتە خوارەوە، کە بە گوتەی ئەوان 17مین فڕۆکەی لەو جۆرەیە کە هێزەکانی تاران تێکیانشکاندوون. هەروەها لە گەرووی هورمز، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی نەوت بەیانی ئەمڕۆ شەممە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی ئاگری گرتووە. لە ناوخۆشدا، رۆژنامەی کەیهان، حکوومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی دۆخی وڵات قەیراناوی نیشان دەدات و خەڵکی تۆقاندووە بە کێشەی کارەبا و گاز و بەنزین، و پرسیاری ئەوەی کردووە کێ زانیاری هەڵە دەدات بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، جەنگی ئێران کە لە 22ـی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا- ئیسرائیل هەڵگیرساوە، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی نێوەندگیر، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بەو جەنگە بەدی ناکرێت، هەروەها هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکا-ئیسرائیل بەردەوام لە هەڕەشەکانیان بۆ سەر یەکتر و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە.