شەڕ و گریان و جگەرەکێشان له‌ دیارترین رووداوه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ر بوون

مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر
مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر

له‌ ده‌ستپێكی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، باس و خواسێكی زۆر لەسەر ئه‌و وڵاته‌ بچووكه‌ عه‌ربییه‌ بوو، تۆمەتگەلێکی زۆر خرایە پاڵ قەتەر و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، بەڵام ئەوەی لەناو گۆڕەپانی رکابەرییەکاندا بینیمان، وایکرد هه‌موو شتێك له‌بیر بكرێت و له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی فیفا مۆندیال قه‌ته‌ر به‌ باشترین مۆندیالی مێژوو وه‌سف كرا.

"لە کۆتاییدا مێسی بوو بە باشترین یاریزانی مێژوو"

ده‌ستنیشانكردنی یاریزانێك بۆ باشترینی مێژوو هێشتا مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی مێسی بۆ یه‌كه‌مجار مۆندیالی بۆ وڵاته‌كه‌ی برده‌وه‌، زۆرینه‌ پێیانوایه‌ ئه‌و یاریزانه‌ باشترینی مێژووه‌.

مێسی ساڵی 2016 و دوای شکستی ئارجێنتینا لە یاری کۆتایی کوپا ئەمریکا ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی ئارجێنتینا کردبوو، به‌ڵام دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ و وڵاته‌كه‌ی گه‌یانده‌ یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022، له‌ فایناڵ شكستی به‌ کلیان مێباپێی هاوڕێی هێنا كه‌ ئێستا ئه‌و لاوه‌ فه‌ره‌نسیه‌ یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئەم سەردەمە، به‌ڵام مێسی لە زۆربەی یارییه‌ كۆتاییه‌كان له‌ ركابه‌ره‌كانی باشتر بووه‌، لەگەڵ ئەوەشدا مێسی، مێسییەکەی جاران نەبوو، سەرکردەیەکی بوێر و دڕ بوو. مێسی بەجوانی سەرکردایەتی خۆی لە یاری بەرامبەر بە ئوسترالیا و هۆڵەندا سەلماند. واتە مێسییەکی پاڵەوانی شایستە و بوێرمان بینی کە بەهەق بوو بە پاڵەوان.

مباپێ، پیشانیدا سه‌رده‌می ئه‌و به‌ڕێوه‌یه‌

مباپێ توانی لە نێوان دووگێمی فایناڵی مۆندیالی 2022دا تیمەکەی بۆ درەوشانەوەیەکی مێژوویی هان بدات و بە هاتریکەکەی گڕی له‌ یارییه‌كه‌ به‌ردا و كه‌ڵه‌شێره‌كانی گه‌یانده‌ لێدانی یەکلاکەرەوە. گرنگ نییە هاندەری مێسی بیت، یان رۆناڵدۆ یان هالاند و هه‌ر یاریزانێکی دیکە، ئەم ڕاستییە ده‌بێت قبووڵ بكرێت کە مباپێ تواناییەکی ترسناکی بۆ شکاندنی ژمارە پێوانەییەکانی هەموو یاریرانەکان هەیە و لە 10 ساڵی داهاتوو ره‌نگه‌ ئه‌و كوڕه‌ لاوه‌ حوكمی تۆپی پێ بكات.

رۆناڵدۆ، لە کاتێکی زۆر هەستیاردا تووشی ژانەسەر بوو

ئەم ئەستێرە پۆرتوگالییه‌ کە لە روانگەی زۆر کەس باشترین یاریزانی مێژوویە، رەنگە لەناو یاریگادا دوور بێت لە ئاستی راستەقینەی، بەڵام ئێستاش حەزی بردنەوەی ماوە و خۆی راده‌ستی ته‌مه‌ن و قه‌ده‌ر ناكات و هەوڵی سەرکەوتن دەدات، چونكه‌ كه‌سایه‌تی كریس نامۆیە لەگەڵ دۆڕان. ئێستاش یەک لە باشترینەکانە و نایەوێ بەم زووانە واز بێنێت. سەرکردەیەکی بەتوانا و تووڕە. هەر لە قیژاندن بەسەر یاریزانی کۆریای باشوورەوە بگرە تاکو ئەو گۆڵەی کە برۆنۆ فێرناندز تۆماری کرد و دەیگووت بەر قژی کەوتووە. هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌یسه‌لمێنێت دۆن هێشتا تینووی گۆڵ و نازناوی زیاتره‌.

نێیماری دڵشکاو

ئەستێرەیەک بێ ئەوەی رووبه‌ڕووی ئارجێنتینای پاڵەوان بێته‌وه‌، نازناوه‌كه‌ی لەدەست دا. زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێ هاوشێوەی نێیمار دڵیان شکا. زۆر لە ئێمە کاتێک نێیمار گۆڵێکی ناوازه‌ی لە کرواتیا کرد، وامانزانی نەتەنیا براوەی یارییەکە دەبێت، بەڵکوو خەمی مێسی و ئارجێنتینامان کەوتەبەر، به‌رازیل و نێیمارمان بۆ یاریی كۆتایی و بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ به‌ربژێر كرد، بەڵام کرواتیا خۆی بەدەستەوە نەدا و لە لێدانی یەکلاکەرەوەدا وایکرد بینینی یاری نێوان ئارجێنتینا و بەڕازیل ببێتە حەسرەت و له‌ چوارچێوه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵ دا بمێنێته‌وه‌. نابێ لەبیر بکەین نێیمار لە مێسی گەنجترە و بێشک هێشتا هه‌لی به‌شداریكردنی مۆندیالی داهاتووی له‌به‌رده‌مه‌ بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی جیهان و فرمێسکەکانی ئەمجارەی فرمێسکی خۆشی بردنەوە بێت.

یارییەکی پڕ لە ئاژاوە و شه‌ڕانگێزی

ئەم مۆندیالە نەیدەتوانی ببێتە باشترین مۆندیالی مێژووی تۆپی پێ، ئەگەر ئەو مشتومڕی و گرژییەی یاری نێوان ئارجێنتینا و هۆڵەندای لەگەڵ نەبووایە. ئه‌م یارییه‌ یه‌كێك بوو له‌ كاریگه‌رترین و دراماتیكترین یارییه‌كانی مێژووی تۆپی پێ، ئه‌وه‌ندیتر مۆندیالی قه‌ته‌ری ناوازه‌ و تایبه‌تتر كرد.

ئینگڵاندی بێ دەستکەوت
ئینگڵاند لەم مۆندیالەش بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە، بەڵام هەرنەبێ بە دۆڕانی فەڕەنسا نەختێک خۆشیان لەدڵیدا گەڕا. له‌ولاشه‌وه‌ رۆناڵدۆ بە گریانەوە لەم مۆندیالە ماڵئاوایی كرد و هەڵبەت سوارێزیش بە گریانەوە قه‌ته‌ری جێهێشت.

جگەرەکێشانەکەی ئه‌گوێرۆ
هیچ ئەفسانەیەک کۆتاییەکی ئاوای نەبووە، ئەم مۆندیالە شۆکی سەیری تێدا بوو، وەکو دۆڕانی ئارجێنتینا به‌رامبه‌ر سعوودیە، بەڵام هیچ ئەستێرەیەکی تۆپی پێ کۆتاییەکی هاوشێوەی ئه‌گوێرۆی نەبوو، واتە لەسەرشان دانانی مێسی و دواتریش ده‌ركه‌وتنی به‌ جگەرەیەک هه‌رچی نه‌خۆشی و ده‌رد و به‌ڵای ئه‌م دواییه‌ی كه‌ تووشی بوو له‌بیر خۆی برده‌وه‌.

ئاماده‌كردنی: محەمەد شەهدی

Fly Erbil Advertisment