پرسەی پێلێ لە یاریگای سانتۆس بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر
پرسەی ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل پێلێ لە 3ی کانوونی دووەمی 2023 لە یاریگای سانتوس بەڕێوە دەچێت، کە زۆربەی ژیانی وەرزشی لەوێ بووە.
ئیدارەی یانەی سانتۆس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، پرسەی پێلێ لە یاریگای ئۆربانۆ کالدێیرا لە شاری سانتۆس کە 80 کیلۆمەتر لە ویلایەتی ساوپاولۆ-وە دوورە، بەڕێوەدەچێت.
میدیاکانی بەرازیل سەبارەت بە وردەکارییەکانی مەراسیمەکە، ئاشکرایان کرد کە دوای مەراسیمەکە لە یاریگاکە، پرسەی پێلێ بە بەشداریی خەڵک و کاربەدەستانی دەوڵەت بەڕێوە دەچێت.
لە لایەکی دیکەوە بڵاوکرایەوە، پرسەی پێلێ دەبرێتە ماڵی دایکی، سێلێست ئارانتێس کە تەمەنی 100 ساڵە و لە ناوچەی کەناڵی شەش دەژیت.
تەرمی پێلێ بە بەشداریی ئەندامانی خێزانەکەی لە گۆڕستانی میمۆریال نێکرۆپۆلیس ئیکومێنیکا لە سانتۆس بەخاک دەسپێردرێت.
ئەدسۆن ئارانتێس دۆ ناسسیمێنتۆ، کە لە مێژووی تۆپی پێدا بە "پێلێ" ناسراوە، لە 29ی تشرینی دووەمی 2022 لە نەخۆشخانەی ئالبێرت ئاینشتاین لە شاری ساوپاولۆی پایتەختی بەرازیل، لەژێر چارەسەردابوو دوای مانگێک لە 29/12/2022، هەر لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەستدا.
پێلێ بەهۆی شێرپەنجەی قۆڵۆنەوە ماوەی ساڵێکە لەژێر چارەسەردایە و دواجاریش بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
پێلێ کە یەکەم وێستگەی ژیانی وەرزشی یانەی سانتۆس بوو، مێژوویەکی پڕشنگداری لەدوای خۆیدا بەجێهێشت.
پێلێ کە بە درێسی سانتۆس زیاتر لە هەزار گۆڵی تۆمار کردووە، ئەو پەیکەرەی کە بۆی دروستکرا بەر لەو وازهێنانی لە یاری لە بەردەم یاریگای ماراکانا دانرا کە بە بۆچوونی بەرازیلییەکان، شوێنی لەدایکبوونی تۆپی پێیە.
پێلێ لە ماوەی 19 ساڵ یاریکردنیدا بۆ تیپەکە، 10 نازناوی ویلایەت و شەش نازناوی خول و دوو جامی لیبرتادۆرس و جامی کیشوەرەکانی بەدەست هێنا.
ئەو یاریزانە ئەفسانەییەی تۆپی پێ کە نازناوی "مرواری رەش"، "پاشای تۆپی پێ"، "پاشا پێلێ"ی لێنراوە، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زیاتر لە هەزار گۆڵی تۆمار کردووە.
هەروەها پێلێ بە تۆمارکردنی هەزار و 279 گۆڵ لە هەزار و 363 یاریدا ناوی چووە ناو کتێبی پێوانەییەکان کە بە گینس ناسراوە.