"جه‌نگی جیهانیش نه‌یتوانی ریال مه‌درید به‌رامبه‌ر یانه‌ی كاسێرنیۆ رابگرێت"

له‌ ساڵی 1943، له‌ كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، كاتێك هاوپه‌یمانان شاره‌كانی ئه‌ڵمانیایان بۆردۆمان ده‌كرد، ریاڵ مه‌درید به‌رامبه‌ر یانه‌ی كاسێرنیۆ یاری ده‌كرد، كه‌ دوای 80 ساڵ سبه‌ی ئه‌م دوویانه‌یه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌.

 ئه‌م یانه‌یه‌ی كه‌ سبه‌ی له‌ قۆناغی 16ـی جامی شای ئیسپانیا رووبه‌ڕووی ریاڵ مه‌درید ده‌بێته‌وه‌، پێشووتریش و له‌كاتی بۆردۆمانكردنی شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا و جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ یارییان كردووه‌.

سبه‌ی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له‌ جامی شای ئیسپانیا به‌رامبه‌ر تیپی پله‌چواری ئیسپانیا كاسێرنیۆ یاری ده‌كات، تیمێكی ناوچه‌ی ئێكسترێمادورا كه‌ ریاڵ مه‌درید پێشووتر دووجار به‌رامبه‌ر ئه‌م یانه‌یه‌ یاری كردووه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ 80 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له ‌ناوه‌ڕاستی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا بوو كه‌ ریاڵ مه‌درید دوو یاری دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كاسێرنیۆ ئه‌نجامدا و یارییه‌كی برده‌وه‌ له‌ یارییه‌كه‌ی دواتردا یه‌كسان بوون.

یه‌كه‌مجار ریاڵ مه‌درید له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 1943 له‌و رۆژانه‌ی كه‌ مانشێتی رۆژنامه‌كان بۆردۆمانكردنی شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا وه‌ك هۆڵز، به‌رلین و لایپزیك بوون له‌لایه‌ن هاویمانانه‌وه‌، ریاڵ مه‌درید له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌دا و له‌ یاریگای خۆی رووبه‌ڕووی كاسێرنیۆ بووه‌وه‌ و به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. له‌ یارییه‌كه‌دا هه‌ر دوو یانه‌ گۆڕانكارییه‌كی زۆریان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، رۆژنامه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناوی گۆڵكارانی یارییه‌كه‌یان بڵاونه‌كرده‌وه‌.

له‌ مانگی ئه‌یلولی ساڵی 1944 نۆره‌ی ریاڵ مه‌درید بوو كه‌ بچێته‌ كاسێرنیۆ. ریاڵ گۆڵی یه‌كه‌می تۆمار كرد، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا یارییه‌كه‌ به‌ گۆڵێك به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك یه‌كسان بوو. ئه‌م یارییه‌ گۆڕانكاری زۆری تێدا نه‌بوو و هه‌ر دوو تیپ یارییه‌كه‌یان به‌ جددی وه‌گرت. ئه‌وكات كاسێرنیۆ تیپێك بوو له‌ خوله‌كانی خواره‌وه‌ی تۆپی پێی ئیسپانیا بوو، ریاڵ مه‌درید به‌ پاڵێوراوێكی گه‌وره‌ داده‌نرا بۆ پاڵه‌وانێتی لالیگا. ماوه‌ته‌وه‌ بزانین سبه‌ی ریاڵ له‌ سێیه‌م یاریدا به‌رامبه‌ر به‌ كاسێرنیۆ چی ده‌كات؟

ئاماده‌كردنی: محه‌مه‌د شه‌هدی

یانه‌ی كاسێرنیۆ پله‌چواری ئیسپانیا
یانه‌ی كاسێرنیۆ پله‌چواری ئیسپانیا