پۆلیسی سلێمانی: دوو کەسمان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە کوشتنی برایەکیان

"تۆمەتبارەکان لەسەر دۆسیەی ئەو گەنجە دەستگیرکراون کە تەرمەکەی لە رێگای سلێمانی – قەرەداغ دۆزرایەوە"

پۆلیسی سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی کوشتنی ئەو گەنجەی رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2023 لە رێگای سلێمانی – قەرەداغ تەرمەکەی دۆزرایەوە، دوو برای دەستگیرکراون و هەوڵیش دەدرێت برایەکی دیکەشیان دەستگیربکرێت.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ (5ی کانوونی دووەمی 2023) پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "رۆژی‌ 2023/1/3 تەرمی‌ هاوڵاتییەك لەڕێگای‌ سلێمانی‌ - قەرەداغ دۆزرایەوە، كە دوای‌ ڕەوانەكردنی‌ بۆ پزیشكی‌ دادوەریی دەركەوت كەسەكە خنكێنراوە، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵنەوەكانی‌ بۆ دۆزینەوە و ئەنجامدەری‌ تاوانەكە دەستپێكرد".

ئاماژە بەوەشدراوە، کە ڕۆژی 23-12-2022 هاوسەری‌ كوژراوەكە، هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە، بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا و سكاڵای‌ یاسایی لەسەر سێ برای‌ هاوسەرەكەی‌ تۆماركردبوو.

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکردووە کە "دادوەر بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتباران دەركرد، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و توانرا دوو برای كوژراوەكە دەستگیربكەن‌ و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی‌ پۆلیس لە هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی‌ براكەی‌ دیكەیان، كە پلەدارێكی سەربازیە و لە هەولێر نیشتەجێیە".

لەبارەی پێشینەی رووداوەکانی ئەو خێزانەوە، پۆلیسی سلێمانی ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ساڵی‌ 1995دا باوكیان بەناوی (ل، ح) لە گوندی‌ كانی خاكی‌ سەر بەناحیەی‌ سەنگاو كوژراوە، هەروەها رۆژی‌ 2014/6/14 لەسەر رێگای عەربەت - سلێمانی تەرمی دوو برای‌ دیكەی‌ به‌كوژراوی‌ دۆزرانه‌وه‌.