عێراق رێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران دەکات

ئاڵای عێراق و ئێران
ئاڵای عێراق و ئێران

K24 - هەولێر:

وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی ئێرانی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی نوێی وەبەرهێنان لەبواری وزەی کارەبا.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق باسی لەوەکرد، تا ئێستا شەش بۆ حەفت هەزار مێگاواتی کارەبای عێراق بە غازی سروشتی ئێران دابیندەکرێت، هەروەها پلانیان هەیە لەگەل ئێران رێککەوتنی نوێ لەبواری وزەی کارەبا ئەنجامبدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، عێراق سەرجەم قەرزەکانی ئێرانی تایبەت بە کارەبا و غازی سروشتی گەڕاندووەتەوە و هیچ بڕە پارەیەکی لا نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێش سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا رایگەیاند، كۆمپانیای سیمێنسی ئەڵمانی کاردەکات بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ نزیکەی 23 ملیۆن عێراقی لە رێگەی 13 وێستگەی کارەبا لە سەرانسەری عێراق.