برێت مەکگۆرک گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ سوودانی كۆبووه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا، تاووتوێی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و به‌غدا، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 16ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیداهاتووه: محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا، تاووتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا، هه‌روه‌ها شێوازەکانی پتەوکردن و گەشەپێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه لەسەر ئاست و بوارە جیاجیاکاندا كرد، بەشێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و ئەمه‌ریکادا بێت.
له دیداره‌كه‌دا سوودانی ئاماژه‌ی به توانای هێزە ئەمنییە عێراقییه‌كان كرد، بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئەو سەقامگیریەی کە لەسایەی قوربانیدان لەسەر خاکی عێراقدا هاتووه‌ته ئاراوه.
لەلایه‌ن خۆیەوە مەکگۆرک پشتگیری وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، بۆ سەرخستنی حکومەتی ئێستای عێراق، هه‌روه‌ها بەردەوامی ئه‌مه‌ریكا لە پێشكه‌شكردنی راوێژ بە هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی داعش، پێداگیری ئیدارەی ئەمه‌ریکا به رێككه‌وتنی ستراتیژی، چاکسازییەکانی حکومەتی عێراقی لە بواره‌كانی وزە، ژێرخانی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
لە دیدارەكه‌دا هەر یەک لە ئامۆس هۆشتاین رێکخەری سەرۆکایەتی تایبەت بەژێرخانی ئابووری جیهانی و ئاسایشی وەزە و هه‌روه‌ها ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لەعێراق ئامادەیبوون.