کتێبێک تایبەت بە مافەکانی خانەنشینان لەسەر ئەرکی وەزارەتی ناوخۆ چاپدەکرێت
K24 - هەولێر:
کتێبی (مافەکانی خانەنشینی فەرمانبەران) کە لەلایەن فەتحی مستەفا خدر، بەڕێوەبەری کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکانی دیوانی وەزارەتی ناوخۆوە ئامادەکراوە، لەسەر ئەرکی وەزارەتی ناوخۆ چاپدەکرێت.
بەرایی کتێبەکە لەلایەن د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆوە نووسراوە.
کتێبەکە لە دوو بەش پێکهاتووە و، بەشی یەکەمیان تایبەتە بە گشت بابەتەکانی خانەنشینی و مافەکانی فەرمانبەری خانەنشینکراو و چۆنیەتی ئەژمارکردنی خزمەتی خانەنشینی و ئەو خزمەتانەى کە بە خزمەتی خانەنشینی ئەژمار دەکرێن.
هەر لە بەشی یەکەمدا، هاوکێشەکانی ئەژمارکردنی مووچەى خانەنشینی و پاداشتی خانەنشینی و چۆنییەتی دابەشکردنی مووچەى خانەنشینی کۆچکردوو بەسەر جێنشینەکانی، بەشێوەیەکی سادەی یاساییانە و ورد باس کراوە.
بەشی دووەمیش بریتیە لەو یاسا بەرکارانەى تایبەتن بە بواری خانەنشینی بە هەردو زمانی کوردی و عەرەبی.
مەبەست لە هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ زیاتر ئاشنابوونی فەرمانبەران بە زانیاری و شارەزایی زیاتر لەسەر پرۆسەی خانەنشین بوون و ئەو مافانەى کە دەیانگرێتەوە.