ئەمەریکا: كۆمپانیاکانمان رۆڵیان ده‌بێت له‌ په‌ره‌پێدانی ئابووری عێراق

K24 - هەولێر

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دووپاتیكردەوە، حكومەتی ئەمەریكا بڕیاریداوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاربكات بۆ رەخساندنی دەرفەتی نوێ لە كەرتی وزەدا.

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، له وتارێكدا له‌‌ كۆڕبەندی دووه‌می نه‌وت و گازدا لە بەغدا گوتی: ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه‌یه‌كی ده‌ستپێكردووه‌ و تیشكی خستووەته‌ سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری عێراق.

گوتیشی: واشنتن بڕیاری داوه‌ كار له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی نوێ  بۆ هه‌ردوو وڵات و ‌ناوچه‌كه‌.

ئەلینا رۆمانۆوسكی، ئاماژەی بەوەشكرد: كۆمپانیا ئەمەریكییەكان رۆڵیان دەبێت لە پەرەپێدانی ئابووری عێراق و كەرتی تایبەت، ئه‌وه‌ش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆسیەی پەرەپێدانی كەرتی وزە لەلایەن كۆمپانیا ئەمەریكییەكانەوە لەگەڵ سوودانی لە كۆنفرانسی میونشن تاوتوێ دەكرێت.

روونیشی كرده‌وه‌: حكومەتی عێراق هانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەدات بۆ كاركردن لە عێراق، هەروەها دەبێت پلانی نوێ دابنرێت، بۆ فراوانكردنی وێستگەكانی كارەبا و پەرەپێدانی تۆڕی كارەبا.

جەختیشی لەوە كردەوە كە ژێرخانی كارەبا لە عێراق شوێنێكی باشە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی وەبەرهێنان، بەتایبەتی كە عێراق دەرفەتی وەبەرهێنانی گازی هەیە بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گاز و پاراستنی ژینگە و رزگاربوون لە كەشوهەوای شێرپەنجە.

باسی لەوەشکرد: پێویستە عێراق سێ كار بكات، كە بریتین لە وەبەرهێنان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەروەها رەخساندنی ژینگەی كاركردن  و هاندانی سەرمایەی بیانی بۆ كاركردن لە عێراق.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، گوتیشی: ئەو وەبەرهێنانانە هەلی كار بۆ عێراقییەكان دەڕەخسێنێت، بەتایبەتی سەبارەت بە وەبەرهێنانی گاز بۆ پەرەپێدانی كەرتی كارەبا.

Fly Erbil Advertisment