له‌ خولی نایابی عێراق دهۆك میوانه‌كه‌ی تێكشكاند

پرێنس ئۆپۆكۆ هێرشبه‌ری یانه‌ی دهۆك دوای تۆماركردنی گۆڵی دووه‌می یانه‌كه‌ی له‌ دژی نه‌فتی میسان
پرێنس ئۆپۆكۆ هێرشبه‌ری یانه‌ی دهۆك دوای تۆماركردنی گۆڵی دووه‌می یانه‌كه‌ی له‌ دژی نه‌فتی میسان

دهۆک دوای چوار سەرکەوتنی لەسەریەک، لە گەڕی رابردوو بەرامبەر کارەبا دۆڕا، ئەمجارە لە گەڕی 17ـی خولی نایابی عێراق میوانداریی نەفتی میسانی کرد لە پێناو گەڕانەوە بۆ سەر رێچکەی سەرکەوتن.
دهۆک لەسەرەتای یارییەکە بە بەخت نەبوو، دوای 10 خولەک لە دەستپێکی یارییەکە محەمەد نیزال تووشی پێکان بوو، یاریگەی جێهێشت و رێوان ئه‌مین شوێنی گرتەوە.
رێوان دوای هاتنەوە ناوەوەی، خەریک بوو ببێتە خاوەنی یەکەمین ئەسیستی یارییەکە و سیابەند عەگید ئەم دەرفەته‌كه‌ی لەدەستدا.
دوای تەنیا دوو خولەکی دیکە ئەمجارە دەرفەتی گۆڵ بۆ وەلید سەلمان رەخسا، ئەمیش لە کردنەوەی دەرگای گۆڵەکانی یارییەکە سەرکەوتوو نەبوو.
یەکەم زەنگی مەترسی لەلایەن نەفتی میسانەوە لە خولەکی 27 بوو، ستوون بووە بەربەست و دواتر هەرێم تەحسینی بەرگریکار تۆپەکەی دوورخستەوە، نەفتی میسان دەرفەتێکی زێڕینی لەدەست دا.
دهۆک باشتر دەرکەوت و لە خولەکی 38 دەرفەتێکی دیکەی بۆ رەخسا، ئۆپۆکۆ نەیتوانی سوود لە ئەسیستەکەی یانیک زاکیری ببینێت و یانەکەی بە گۆڵی یەکەم پێشبخات. کاتە زێڕینەکەی هەڵۆکانی چیا هات، لە خولەکی 43 یانیک زاکیری پیشەگەری کۆتدیڤواری بە ئەسیستی رێوان ئەمین گۆڵی یەکەمی دهۆکی کرد.
خۆشییەکانی دهۆک درێژەی نەکێشا و دوای کەمتر لە دوو خولەک یونس عەبد بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی بەرامبەربوونی نەفتی میسانی کرد و ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌مین گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی ئه‌و یاریزانه‌ بوو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی.
نەفتی میسان لە دەستپێکی نیوەی دووەم به‌ شووتێكی مه‌ترسیدار هه‌وڵی گۆڵكردنی دا، به‌ڵام ئامانجەکەی نەپێکا. هەڵۆکانی چیا بەتووندی وەڵامیان دانەوە، بەڵام هەڕەشەکەیان هاوشێوەی میوانەکەیان بێ سوود بوو.
دهۆک لە خولەکی 54 گورزی دووەمی لە نەفتی میسانی میوانی دا و گڕی لە یاریگە بەردا، پرێنس ئۆپۆکۆ هێرشەکەی سیابەنگ عەگیدی هاوتیمی تەواو کرد و دهۆکی بە گۆڵی دووەم لە یارییەکە پێشخست.
یارییەکە گەیشتە خولەکی 62 دهۆک دەرفەتی گۆڵی سێیەمی بۆ رەخسا و لێدانی سزای بۆ گیرا.
ئەرکی لێدانە سزاکە درایە پرێنس ئۆپۆکۆ، ئەستێرە غاناییەکە بە نایاب جێبەجێی کرد و گۆڵی سێیەمی دهۆکی کرد.، دووەمین گۆڵی ئۆپۆکۆ لە یارییەکە.
دهۆک جگە لە هێرشبەرییەکەی، بەرگرییەکی پۆڵاینی دروست کرد و رووبەڕووی هێرشەکانی نەفت میسان بوونەوە. ئۆپۆکۆ تەنانەت نزیک بوو لە تۆمارکردنی سێیەمین گۆڵی خۆی و تۆمارکردنی هاتریک لە یارییەکە.
دواجار دهۆک ئەم وێستگەیەی بە سرکەوتن تێپەڕاند، یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە نەفتی میسان بردەوە و هەشتەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە بەدەستهێنا و باڵانسی خاڵەکانی بۆ 30 خاڵ بەرز کردەوە، ئێستا دهۆک شەشەم باشترین یانەی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراقە.

ئۆپۆكۆ دوای تۆماركردنی گۆڵی دووه‌می دهۆك له‌ دژی نه‌فتی میسان
ئۆپۆكۆ دوای تۆماركردنی گۆڵی دووه‌می دهۆك له‌ دژی نه‌فتی میسان