گۆتێرێس: کەمپی هۆل بۆمبێکی تەوقیت کراوە
"زۆر گرنگە هەمووان هاوشێوەی عێراق کار بکەن"
K24 - هەولێر:
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کەمپی هۆل رایگەیاند، هەموو وڵاتێک بەرپرسیارەتی ئەوەی هەیە هاووڵاتیانی بگەڕێنێتەوە، دووپاتیشیکردەوە "کەمپی هۆل بۆمبێکی تەوقیت کراوە".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا نووسیویەتی: "باوەڕم بەوە هەیە کە هەموو وڵاتێک بەرپرسیارەتی ئەوەی هەیە هاووڵاتیانی لە کەمپی هۆل بگەڕێنێتەو."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمڕۆ سەردانی ئەو خێزانانەی کرد کە لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق و باسی لەوەکرد، کەمپی هۆل بۆمبێکی تەوقیت کراوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو وڵاتێک هاوشێوەی عێراق بکەن، گوتیشی :عێراق هاووڵاتییانی دەگەڕێنێتەوە و پلانێکیش جێبەجێ دەکات بۆ دووبارە گەڕانەوە و تێکەڵبوونەوەی هاووڵاتیەکانی بۆ نێو کۆمەڵگە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هاووڵاتییانەی لە کەمپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە عێراق ویستیان هەیە تێکەڵی کۆمەڵگەی عێراق ببنەوە، بۆیە زۆر گرنگە هەمووان هاوشێوەی عێراق کار بکەن.
کەمپی هۆل بە دووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە خانەوادەی چەکدارانی داعش و پەنابەری عێراقی و کۆچبەری سووری تێدا نێشتەجێن، بەگوێرەی ئامارەکان زۆربەی کەسوکاری داعش لەو کەمپە خەڵکی عێراقن.
In Iraq today, I met with returnees from Al-Hol camp in Syria.
— António Guterres (@antonioguterres) March 2, 2023
From here, I want to send a message to all countries that also have nationals there: they must step up their efforts to facilitate the safe and dignified repatriation of their citizens. pic.twitter.com/xzd4ZbGtlI