عوسمان کانی کوردەیی دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی لە کۆمەڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
K24 - هەولێر:
عوسمان کانی کوردەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی لە کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند: خۆم بە خاوەنی کۆمەڵی دادگەریی دەزانم، لەگەڵ برایان و خوشکانی خۆم، تەمەنێکمان لە میحنەت و ناڕەحەتی و بۆخوا ژیان لەم جەمعەدا بەڕێکردووە .
عوسمان کانی کوردەیی لە راگەیندراوەکەیدا هاتووە، "لە چەند رۆژی ڕابردودا و بەهۆی نیگەرانیم لە هەندێ بارودۆخ و دوور لە بڕیاری کۆمەڵی دادگەریی و فراکسیۆنەکەی، بەشدارییم لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا کرد".
گوتیشی: "کوڕی کۆمەڵم و فەخر بە ناو و مێژوو و جەنابی مامۆستا عەلی باپیرەوە دەکەم ".
ئاماژە بەوەشدا، بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمان و لە دەرەوەی بڕیار و سیاسەتی کۆمەڵ و فراکسیۆن، بە کارێکی هەڵەی دەزانێت .
عوسمان کانی کوردەیی روونیکدەوە، "داننان بە هەڵەدا بۆخۆی (فضيلة) و، ئێمەی مسوڵمان و بەتایبەتیش زانایان، ئیسلام وا فێریکردوین هەڵەی خۆمان ببینین و ڕاستی بکەینەوە، هەرئەمەشە ئێمە و خەڵکی تر لەیەک جیادەکاتەوە".
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی کۆمەڵەی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، داوایلێبوردن لە هەر برا و خوشکێک دەکات کە بەهۆی ئەو هەڵوێستەوە و لە دڵسۆزییان بۆ بەندە و خەمخۆرییان بۆ کۆمەڵی دادگەریی، توشی نیگەرانیی و خەمخواردن بوبن .