به‌هۆی قه‌یرانی دارایی رێژه‌ی خۆكوشتن له لوبنان زیادیکردووە

K24 - هەولێر
رێژه‌ی خۆكوشتن له لوبنان زیادیكردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و قورسی ژیان له‌سه‌ر هاوڵاتیانه، به‌شێوه‌یه‌ك نزیكه‌ی دوو رۆژ جارێك كه‌سێك خۆی ده‌كوژێت.
ئاژانسی هه‌واڵی نیشتمان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، هاووڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی ئەلزەراریا کە دەکەوێتە باشووری لوبنان، بە مردوویی لە یەکێک لە باخەکانی زەیتونەکانی ئەو شارۆچکەیە دۆزرایەوە، کە دەمانچەیەکی لە تەنیشتی بوو.
سەرچاوە لۆکاڵییەکانی شارۆچکەکە بە شه‌رقولئه‌وسه‌تیان راگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییە کە خەڵکی بنەماڵەی مەروەیە و تەمەنی 41 ساڵە، "بەیانی بینراوە کە چه‌كی راوکردنی بەدەستەوە بووه و بەرەو کێڵگەکان رۆیشتووه"، دواتر تەلەفۆنی بۆ هاوسەرەکەی کردووە و ئاگاداری کردووه‌ته‌وه کە ئەم پەیوەندییە دوا پەیوەندی دەبێت لە نێوانیاندا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌بووه كه ماوه‌یه‌كه بەدەست سەختی داراییەوە دەناڵێنێت.
ئەم رووداوه سێیەم رووداوه لە ماوەی سێ رۆژدا، هه‌روه‌ها پێنجشەممەی رابردوو رووداوێكی دیکە لە شارۆچکەی جەرجوا لە باشووری لوبنان روویدا، هاوکات رووداوی سێیەمیش لە دۆڵی بێکاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان تۆمارکرا، راپۆرتەکانی هۆکاری پشت خۆکوشتنەکان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و سەختییانەی به‌سه‌ر دانیشتوانی لوبناندا هاتووه، لە ئەنجامی ئەو قەیرانە ئابووری و داراییەی کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، گەنجێكی لوبنانی بەناوی مو‌سا ئەلشامی ته‌مه‌ن 32 ساڵ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هاوكات تۆمارێكی دەنگی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڕێکەی کرد ئاگاداری خێزانەکەی بێت، ئه‌مه‌ش هاوسۆزییەکی بەرفراوانی لە لوبنان به‌دوای خۆیدا هێنا.
له ئێستادا رێژه‌ی خۆكوشتن له لوبنان به‌رزبووه‌وته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك نزیكه‌ی دوو رۆژ جارێك كه‌سێك خۆی ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و قورسی ژیانه‌وه‌یه.