مەسرور بارزانی سەردانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری هەولێر دەکات

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری هەولێر دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 7/3/2023،  کاتژمێر 11:15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری لە شاری هەولێر دەکات، کە یەکێکە لەو شوێنانەی پڕۆژەی (هەژماری من) و پارەدانی دیجیتاڵی تێدا جێبەجێ کراوە.

رۆژی (28ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ی راگه‌یاند کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.

سەرۆکی حکومەت، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا مووچەی نزیکەی 850 کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییه‌ نوێیەکانی فەرمانبەران.

مەسرور بارزانی، لەو پەیامەدا راشیگەیاند: "لە مانگی حوزەیرانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم دیجیتاڵی بێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی روونیكردووه‌ته‌وه‌، (هەژماری من) رێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە رێی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن، کە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.

پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەدات.

هەروەها پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی حکومەت خێراتر دەکات، ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای سەرۆک وەزیران بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستاندا.

کورتەی پڕۆژەکە:

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە ATM ،کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانە قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.

بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێم پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

هەنگاوی تاقیکاری

لە میانەی قۆناغی تاقیکاریی ئەم دەستپێشخەرییەدا، حکومەتی هەرێم دەستپێشخەریی "هەژماری من" مووچەی نزیکەی 850 کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخاتە سەر هەژمارە نوێیەکانی فەرمانبەران.

پڕۆژەی تاقیکاری کاریگەری پرۆسەکە تاقیدەکاتەوە و هەر باشترکردنێکی پێویست دەستنیشان دەکات، پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بۆ سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی دیکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕیارە ماوەی بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژەیە دوو ساڵ بخایەنێت.

سوودەکانی ئەم پڕۆژەیە

پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات.

بۆ هاووڵاتییان:

- ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان.

- پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر.

- توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێکدا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل/ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.

- کەمکردنەوەی مەترسیی دزینی مووچە و پاشەکەوت.

- دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە داراییەکان.

- دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا.

- کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری، یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە.

- باشتربوونی رۆشنبیری دارایی.

- دەستڕاگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی.

- پارەدان بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنڵاینەکان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی.

- توانای حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان لەڕێی بانکی مۆبایل \ ئینتەرنێتەوە.

- وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.

ئابووری هەرێمی کوردستان

- بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە کەرتی بانکی دا هەنگاو بە هەنگاو زیادبونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە.

- زیادبوونی خەرجییەکانی بەکاربەران بەهۆی زیادبونی قەرزی تاکەکەسی.

- ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکیدا، لەپێناو ڕایی کردنی مامەڵە و پێداویستی فەرمانبەر و هاووڵاتییان.

- کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش.

- زیادکردنی کارایی حکومەت، و شەفافیەت.

- سەرهەڵدانی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەکان.