فەرمانگەی میدیا و زانیاری: یاسای چاکسازی سوودمەندبوونی ناڕەوای بەشێک لە خەڵکی بنبڕکردووە
"پوختهی راپۆرتی لیژنهی باڵای جێبهجێكردنی یاسای چاكسازی بڵاوكرایهوه"

K24 - ههولێر:
فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان پوختهی راپۆرتی لیژنهی باڵای جێبهجێكردنی یاسای چاكسازی له مووچه، دهرماڵه، بهخشین، ئیمتیازاتهكان و خانهنشینی بڵاوكردهوه، ئاماژهی بهوهكردووه، "چاكسازی .. بهڵێنێك كه نۆیهم بردیه سهر".
ئهمڕۆ (7ـی ئادار/مارسی 2023)، فهرمانگهی میدیا و زانیاری رایگهیاند، یەكێك لە هێلە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیدان و كاركردن بووە لەسەر پڕۆسەى چاكسازی، بۆ ئەو مەبەستە سێ راپۆرت لەبارەی چاكسازیی بڵاو کردووەتەوە و لە ئێستاشدا پوختەی ئەو راپۆرتانە لە پێگەی فەرمیی حكومەت بڵاو كراوەتەوە.
راپۆرتەکە سەرنجی خستووەتە سەر راپۆرتی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان و خانەنشینی، رێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراوان و گیراوانی سیاسی، هەروەها راپۆرتێكی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
راپۆرتی رێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی، باس لە پاککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەى ماف و ئیمتیازاتى میراتگرى ئەو کەسانەى کە بەدەر لە یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان سوودمەند بوون، دەکات. لەگەڵ گشت دۆسیەی شەهیدان و ئەنجامی پێداچوونەوە بە دۆسیەكان.
جگە لەمانە، پێکهێنانى لیژنەى تاقانەکانى جینۆساید بۆ وردبینى و پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیان، پاککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتى زیندانیکراوی سیاسى کە بە ناوى زیندانی و گیراوى سیاسى بە پێچەوانەى یاساى هەموارکراوی ئیمتیازاتى زیندانیکراو و گیراوى سیاسیی کوردستان سوودمەند بوون، لەگەڵ پرسی کاتى مردنى زیندانیکراو و گیراوى سیاسى، کە بەپێى یاساى خانەنشینیی بەرکار لە هەرێمى کوردستان مامەڵە لەگەڵ میراتگرەکانیان دەکرێت، باس دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رێکخستنەوەى لە ئەستۆگرتنى حکومەت بۆ خەرجیى چارەسەرى تەندروستى و خوێندنى کوڕ و کچ و هاوسەرى شەهیدان کە هاوسەرگیرییان نەکردووەتەوە، لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆ حکومى و ئەهلییەکان لەناو هەرێمدا، روونکراوەتەوە.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری بڵاویشیكردووهتهوه، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەى ئەو چاکسازییانەوە، لەلایەکەوە دەیەوێت مافى کەسانی شایستە و قوربانیدەرانی راستەقینە بپاریزێت و لەلایەکی دیکەشەوە سوودمەندبوونی ناڕەوای بەشێک لە خەڵک لەو بوارەدا بنبڕ بکات.
له راپۆرتهكهی لیژنهی باڵای جێبهجێكردنی یاسای چاكسازیدا هاتووه، هەڵوەشاندنەوەى مینحەى (13,282) بەخێوکەر، بەفەرمانى وەزاریى ژمارە (48) لە 6ـی كانوونی دووهمی 2021، کە مانگانە بڕى (996,150,000) نۆسەد و نەوەد و شەش ملیۆن و سەد و پەنجا هەزار دینار گەڕاوەتەوە.
لهگهڵ ئهوهشدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خەرجکردنى بڕى (19,686,472,600) دیناری بۆ کرێى خوێندنى کچ و کوڕ و هاوسەرى شەهید و زیندانیکراو و گیراوى سیاسى خۆى یان یەکێک لە منداڵەکانى داوە، بەپێى رێنمایى دارایی ژمارە (23)ى ساڵى 2020 بە داشکاندنى (25%) ئەو بڕە پارەیە دراوەتەوە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆ ئەهلییەکان، کە تا ئێستا بڕی (18,064,574,600) دینار بەم شێوەی خوارەوە خەرج کراوه.
سهبارهت به دۆسیهی دوو مووچهیی و زیاتر، له راپۆرتهكهدا هاتووه، "لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى لیستی ناو و زانیاری (10819) کەیسی دەستنیشان کردووە کە لە دوو جار زیاتر لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کراون. مووچە و خانەنشینى ئەو حاڵەتانەی سەرەوە راگیراون. بۆ ڕاگرتنی مووچەى ناشایستە دەسەڵات دراوە بە گشت وەزارەتەکان بۆ هەڵبژاردنى مووچەى یاسایی و بڕینى یەکجارەکى مووچەى دووەم و سێیەم کە نایاسایین و ناردنى وێنەیەک بۆ دیاریکردنی لە بەشى بایۆمەترى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى بوودجە".
ههروهها لەکۆی (21،588) كەیس بۆ دوو مووچە، ئەنجامی کاری لیژنەكە بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
- وەرگرتنی دوو مووچەیی (فەرمانبەر و فەرمانبەر) (791) فەرمانبەر لە كۆی (1.639) كەیس.
- وەرگرتنی دوو مووچەیی (فەرمانبەر و خانەنشین) (3.909) مووچەخۆر لە كۆی (8.147) كەیس.
- وەرگرتنی دوو مووچەیی (خانەنشینی و خانەنشین) (5.909) خانەنشین لە كۆی (11.802) كەیس.
له راپۆرتهكهدا هاتووه، لیژنە لاوەکییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەردەوامن لە وردبینی و پێداچوونەوە بە لیستەکانی سوودمەندان لە تەرخانکراوی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەمئەندامان کە کۆی گشتی دەگاتە (86.277) سوودمهند، ههروهها پێداچوونەوە بە لیستی ناوی کەمئەندامانی فەرمانبەر کە ژمارەیان (13.249) کەمئەندام بووە.
راپۆرتی لیژنهی باڵای چاكسازی ئاماژهی بهوهشكردووه، دوای دەرچوواندنی رێنمایی ژمارە (12) لە (29ـی حوزهیرانی 2020 رێنمایی رێکخستنەوەی هەژمارکردنی خزمەت و پلەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، گشت وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت دەستیان بە پێداچوونەوە بە دۆسییەی فەرمانبەران کرد و وردبینی بۆ دۆسییەی (340.921) کراوه و بهگوێرهی ئامارهكان له كۆی 30 دامهزراوهی فهرمی له سهرۆكایهتییهكان و وهزارهت و دهستهكان، تائێستا پرۆسهكه له ههشت شوێن پرۆسهی وردبینی و پێداچوونهوه بهردهوامه.
لهبارهی دۆسیهی یهكخستنهوهی هێزهكانی پێشمهرگه، لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە (12ـی تهمموزی 2020) کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بوودجەی هەردوو یەکەی (70 و 80) بخرێتە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
ههروهها بۆ رێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له (14) بووهته (19) لیوا و میلاکی وەزارەت له (43.347) بووهته (56.575) پێشمهرگه، لهگهڵ ئهوهشدا، فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)، خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.
بۆ خوێندنهوهی پوختهی راپۆرتی لیژنهی باڵای جێبهجێكردنی یاسای چاكسازی، ئێره كلیك بكه.