مەسرور بارزانی: رێککەوتننامەی 11ـی ئادار دەسکەوتێکی گرنگی گەلی کوردستانە و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە
"هەڵوێستی خۆمان لە داکۆکیکردن و دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانمان دووپات دەکەینەوە"
K24 - هەولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵرۆژی رێککەوتنامەی 11ـی ئاداردا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەوەکرد، ئەو رێککەوتنامەیە دەسکەوتێکی گرنگی گەلی کوردستانە و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە، لە سەر سەرکەوتنی خواستی خەڵکی کوردستان و پەیامە ئاشتیخوازانەکەی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئهمڕۆ یادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار دەکەینەوە، کە پەنجا و سێ ساڵ لەمەوبەر، حکومەتی عێراق ناچار بوو، بە هۆی بەرگری و خۆراگری خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەو ڕێککەوتنە واژۆ بکات و دان بە هەندێک لە داخوازییەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970، دەسکەوتێکی گرنگی گەلی کوردستانە و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە، لە سەر سەرکەوتنی خواستی خەڵکی کوردستان و پەیامە ئاشتیخوازانەکەی، کە هەمیشە ویستویەتی لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆ و ڕێگەچارەی ئاشتیانە، کێشەکان چارەسەر بكرێن. بەڵام بەداخەوە حکومەتی ئەوکاتی عێراق ، لە بەڵێن و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان پاشگەز بووەوە و دەستی بە هێرش و پەلاماردانی کوردستان کردەوە و سەرەنجام بە هۆی سیاسەتی شەڕانگێزانەی ڕژێمی عێراقەوە، هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی ، ڕووبەڕووی شەڕ و وێرانکاری و کارەساتی گەورە بوونەوە ، کە تا ئێستاش خەڵکی هەرێمی کوردستان ، بە دەست ئەم تاوانانە دەناڵێنن و قەرەبووش نەکراونەتەوە،
لەم یادەدا، هەڵوێستی خۆمان لە داکۆکیکردن و دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانمان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستوور، دووپات دەکەینەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
11ی ئاداری 2023
ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970، دەسکەوتێکی گرنگی گەلی کوردستانە و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە، لە سەر سەرکەوتنی خواستی خەڵکی کوردستان و پەیامە ئاشتیخوازانەکەی. pic.twitter.com/H9uewAEV3W
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) March 11, 2023