هه‌میله‌ گه‌ردی: سیستمی راكێشانی پاره‌ له‌ ئارتی بانك ئاساییه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی تێدانییه‌

هه‌میله‌ گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری ئارتی بانك
هه‌میله‌ گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری ئارتی بانك

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئارتی بانک رایگەیاند، سیستمی راکێشانی پارە لە ئارتی بانک گۆرانکاری بەسەردا نەهاتووە و هاووڵاتییان دەتوانن بە دۆلار و دیناریش پارە رابکێشن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (12ـی ئادار/مارسی 2023)، هەمیلە گەردی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئارتی بانک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکانی (ATM)ـدا نییە و  سیستمی راکێشانی پارە لە ئارتی بانک گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری ئارتی بانك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هاووڵاتییان دەتوانن بە دینار و دۆلاریش پارە رابکێشن، ئەوەشی دەگوترێت له‌باره‌ی بوونی كێشه‌ لە ئامێرەکانی (ATM) تەنیا دەنگۆیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، گوایە چیدی هاووڵاتییان ناتوانن لە ئارتی بانک پارە بە دۆلار رابکێشن و تەنیا دینار دەدرێتە هاووڵاتییان، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری بانكه‌كه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

ئارتی بانك یه‌كێكه‌ له‌و بانكانه‌ی به‌شداره‌ له‌ پرۆژه‌ی هه‌ژماری من كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ (28ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی هەژماری من راگه‌یاند کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.

هه‌روه‌ها ئارتی بانك له‌ڕێگه‌ی نووسینگه‌كانییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ فرۆشتنی دۆلار به‌ نرخی بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش سوودێكی زۆری به‌ به‌و هاووڵاتییانه‌ی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن گه‌یاندووه‌.

Fly Erbil Advertisment