نزیکەی 50 تۆن تەمەرهیندی ماوە بەسەرچوو لە بازگەکانی هەولێر دەستی بەسەردا گیرا

K24 – هەولێر
هێزەکانی ئاسایش لە بازگەکانی دەوروبەری هەولێر دەستیان بەسەر نزیکەی 50 تۆن تەمەرهیندی ماوە بەسەرچوودا گرت.
رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەو تەمەرهیندیە لەگەڵ هەندێک خۆراکی دیکە بەشێوەیەکی زۆر خراپ هەڵگیرابوون، لەکاتی دەستبەسەردا گرتنی لەناو دوو بارهەڵگر بارکرابوو.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئەو تەمەرهیندیە ماوە بەسەرچووە نزیکەی 50 تۆن دەبێت و شەوی رابردوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی بازگەکان دەستی بەسەردا گیراوە و ئەمڕۆ رادەستی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت کراوە".
گوتیشی: "لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێنانی ئەو خۆراکە ماوە بەسەرچووە دەستپێکردووە، ئێمە لەوە دڵنیاین هەوڵیانداوە بیهێننە ناو هەولێر و لە کارگەکان بیکەن بە شەربەت، چونکە لە مانگی رەمەزان خواستی زیاتر لەسەر شەربەتە".
قایمقامی ناوەندی هەولێر، جەختیکردەوە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت لەم مانگەدا چاوکراوەتر دەبن و بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی بازاڕەکان.