کوردستان24 وادەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌ولێر
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌ولێر

K24  - هەولێر:

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو (2ـی نیسانی 2023)، پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و تاوەکو 18ـی 5ـی 2023 دەرگاکە کراوە دەبێت.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تاقی کردنەوەی توانستی زانستی رۆژی 29ـی 5ـی 2023 ئەنجام دەدرێت و پرۆسەی خوێندنیش مانگی 9 (ئەیلوول) دەستپێدەکات.

زانیارى دەربارەى ماوەى پێشکەشکردن، ئەنجامدانى پرۆسەى تاقیکردنەوە، دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان
زانیارى دەربارەى ماوەى پێشکەشکردن، ئەنجامدانى پرۆسەى تاقیکردنەوە، دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی ئادار/مارسی 2023)، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆسەی پێشکەشکردن بەسەر سێ بازنەی سەرەکیدا دابەشدەبێت، بازنەی یەکەمیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیە. بازنەی دووەمیان بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بازنەی سێیەمیشیان، بازنەی پارالێلە، کە بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە دامەرزاو و دانەمەزراوەوە.

بەگوتەی ئارام محەممەد قادر، ژمارەی کورسییەکان بۆ گشتی و پارالێل 7614 کورسی بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەردەست دەبێت لە زانکۆ حکومییەکان بەم شێوەیە: دبلۆمی باڵای یەک ساڵی 2308 کورسی، دبلۆمی باڵای دوو ساڵی پیشەیی 160 کورسی، ماستەر 3312 کورسی و دکتۆرا 1834 کورسی.

لەبارەی دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردەوە، ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆی وەزارەتەکەی بووە، بۆ دابەشکردنی دەرماڵە، ئەنجامیداون و هیچ کێشەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر ئەو بابەتە نەماوە، "لەوانەیە لە وەزارەتی دارایی هەندێک رێکاری کارگێری مابن بۆ داباشکردنی دەرماڵە، ئەگەر نا لەلای خۆمانەوە، هەموو ئەرکەکانمان بەجێگەیاندووە و هیچ کێشەیەک نەماوە".

 

 

رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2022، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایى پێشکەشکردن و وەرگرتن بۆ خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (2022 – 2023) دەرکرد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئامانج لە دەرکردنى رێنماییەکان رێکخستنى مەرج و رێکارەکانى پێشکەشکردن و شێوازى پێشبڕکێ و بەدیهێنانى هەلى یەکسان و دادپەروەر و شەفافیەتە لە پرۆسەى پێشکەشکردن و وەرگرتن لە خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا و بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندنى باڵا و پێگەیاندنى کەسانى پسپۆر و شارەزا بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا وکەرتى گشتى و تایبەت و بەستنەوەى خوێندنى باڵا بە پێداویستی دامودەزگا حکومى و تایبەتەکان و بازارى کارى کوردستان و بەشدارى لە پێشنیازکردنى چارەسەرى گونجاو بۆ کێشە و گرفتەکان لە هەرێمى کوردستان.

مەرجی توانستی زمانی ئیگلیزی بووەتە مەرجێكی پێشوەختە بۆ کاتی تاووتوێکردنی تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەر، واتە لەماوەی پرۆسەی پێشکەشکردن و دەستپێکردنی خوێندن داوا ناکرێت.

هەروەها کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر نابێت لە %60 کەمتربێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس، هاوکات کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت لە %70 کەمتربێت لە خوێندنی ماستەر  و لە %60 کەمتر نەبێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس.

بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی تێكڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پیشکەشکار رەچاو ناکرێت بۆ پێشکەشکردن، هەر پێشکەشکارێك تێكڕای نمرەی %50 ـی هەبێت مافی پێشکەشکردنی ئەمجۆرە خوێندنەی هەیە.

سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، بە هێنانی نووسراوی پشتگیری لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە دەرەوەی پلانی پەسەندکراو، کورسی خوێندیان بۆ تەرخان دەکرێت