وەزیری گواستنەوە: پڕۆژەیەکی ستراتیژی شەمەندەفەر دروستدەکرێت

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

پڕۆژەیەکی ستراتیژی شەمەندەفەر شارەکانی هەرێمی کوردستان بە جیهان دەبەستێتەوە و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، پلان و دیزاینی هێڵەکە گەیشتووەتە قوناغێکی زۆر پێشکەوتوو.

رۆژی پێنجەشەممە (30ـی ئادار/مارسی 2023)، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێڵێکی ستراتیژی شەمەندەفەر لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا دروستدەکرێت و پلان و دیزاینی هێڵەکە گەیشتووەتە قوناغێکی زۆر پێشکەوتوو.

بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێورەوی (بەندەری فاو - بەغدا - کەرکووک - هەولێر - مووسڵ - دهۆک - زاخۆ - ئیبراهیم خەلیل- تورکیا – جیهان) یەکێکە لەو رێورەوانەی بۆ هێڵەکە پێشنیارکراوە.

ئانۆ جەوهەر ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە بەغدا "لەنێوان خۆم، وەکو وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم، لایەنی عێراقی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە بەڕێوەچووە."

Fly Erbil Advertisment