41 پۆند لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

.
.

K24 - هەولێر

کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش رەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر کە لە قۆناغی رەزامەندیی داراییدایە".

روونیکردەوە: "بە گشتی، ساڵی رابردوو رەزامەندیی 41 پۆندمان وەرگرتووە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێت و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە و هەندێكیشیان كێشەی زەویوزاری هەیە".

کاروان سەباح هەورامی، بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو، كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران، تیمێكی تەكنیكی پێك هێنا بۆ لێكۆڵینەوەی گرفتی لافاوی هەولێر. دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، كۆمەڵێك رێچارە پێشنیاز كران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاوی شاری هەولێر. ئەوانیش دوو بەش بوون، بەشێكیان كرداری خێرا بوو بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەی لافاو بەشێوەیەكی كاتی، بەشی دووەمیش پلانی درێژخانە بۆ گلدانەوەی ئاوەكە. بۆ ئەم مەبەستەش پلانە كورتخایەنەكە بریتی بوو لە خاوێنكردنەوەی رێڕەوە سرووشتییەكانی ئاو كە بە ناو شاری هەولێردا تێپەڕ دەبن و هەروەها خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ دەستكردەكانە كە ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی باراناو دەبەن، جگە لەوەش ژمارەیەك لەو پردانەی دروست كرابوون لەسەر رێڕەوە سرووشتییەكان فراوان كران، بۆ ئەوەی زیاتر ئاو لەخۆ بگرن. پلانە درێژخایەنەكە ئەوە بوو، ئەو ئاوی بارانەی دەبارێ، كۆی بكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی ژمارەیەك پۆند كراوە لە بەشەكانی باكوور و باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەو ستریم و رێڕەوە ئاوییانەی هەیە، كۆمەڵێك پۆند دروست بكرێن بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەو رێڕەوانە؛ هەندێكیان نەخشەکارییان تەواو بووە و هەندێكیشیان لەژێر پڕۆسەی نەخشەکاریین و لە دوای هاوینەوە، بە كردەیی دەستیان پێ دەكرێت".

تەرخانکردنی ٣٦ ملیۆن دۆلار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى لافاو

لەبارەى لایەنی دارایی ئەو چارەسەرەوە دەڵێ: "ئەنجومەنی وەزیران 36 ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاوی شاری هەولێر تەرخان کرد. لەو 36 ملیۆنە نزیكەی 22% تەرخان کرا کە نزیكەی 8 ملیار دینار بوو، خۆشبەختانە وەكو قۆناغی یەكەم، بەو بڕە پارەیە هەولێر پارێزرا لەو لافاوانەی روویدەدا، ئەگەر تەواوی بڕی پارەكە تەرخان بكەین، نەك تەنیا هەولێر دەپارێزین، بەڵكو كۆمەڵێك پۆندی گەورە دروست دەكەین و ئاوی باران كۆ دەكاتەوە و سوودی گەشتیاری و سوودی ژینگەییان دەبێت بۆ ناوچەكانی دەرەوەی شاری هەولێر، بەتایبەتی لە بەشی باكوور و باكووری رۆژهەڵات".

کابینەى نۆیەم کارى باشی بۆ پرسی ئاو کردووە

کاروان سەباح هەوراومی دەشڵێت: "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرترین جێدەستی لە بواری پڕۆژەكانی ژێرخانی بواری ئاو دیارە، لەبەر ئەوەی لەم بوارەدا ژێرخانی لاوازمان هەیە و ئیشكردن تێیدا زوو ئەنجامەكەی دیار ناكەوێت. پێویستی بە كاتی زۆرە بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی ببینین. بۆیە دەتوانین بڵێین كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەچەرخانێكی گەورەی لە بواری ژێرخانی ئاودا كردووە و ئەنجامەكەشی لە ساڵانی داهاتوودا دەبینین، چ لە بواری یاسایی و ڕێساكان، چ لە بواری ژێرخانی ئاو و جۆرییەتی ژێرخانەکەی. هەرچەندە پێشووتریش كاری زۆر كراوە، بەڵام ئەو پڕۆژانەی لە كابینەی نۆیەم كراون بەرانبەر بە تێچووەكانیان توانایان زۆر زیاترە، بۆیە دەبینین تێچووی دروستكردنی یەك پۆند لە 1,6 ملیار دینارەوە دابەزیوە بۆ خوار 0,8 ملیار، واتە نزیكی نیوەی تێچووی ئەو پۆندانەیە كە پێشتر دروست كراون".

رەزامەندی لەسەر دروستکردنی ٤١ پۆندی نوێ وەرگیراوە

گوتیشی: "لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، رەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش رەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر کە لە قۆناغی رەزامەندیی داراییدایە. كەواتە بە كۆی گشتی، ساڵی رابردوو رەزامەندیی 41 پۆندمان وەرگرتووە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێ و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە و هەندێكیشیان كێشەی زەویوزاری هەیە. خەریكی چارەسەركردنی ئەم كێشانەین لەگەڵیاندا، بۆیە وەكوو كابینەی نۆیەم، پێمان باشە هەموو گوندێك سەرچاوەیەكی ئاویی مسۆگەری هەبێ و ئەو سەرچاوە ئاوییەش پۆندێك بێت، یان لایەنی كەم گوندێك بەتەنیا یان دوو گوند پۆندێكیان هەبێ، بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی ئاویی بەردەوامیان هەبێت".

پۆندسازی پێویستی بە هاوکاریی خەڵک و گوندنشینانە

کاروان سەباح، راشیگەیاند: "پڕۆژەکانی پۆند پشتی بە تواناى ئابووریی دەوڵەت و هاوکاریی خەڵک بەستووە. چونکە زۆرجار خەریکی پڕۆژەیەک دەبین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار کێشەى زەویوزار و کۆمەڵایەتی دێنە پێشەوە. بۆیە زۆر گرنگە کە خەڵکی ئێمە زیاتر هاوکار بن و تێمان بگەن، بەوەى زۆرجار کێشەى زەویوزار و گرفتی کۆمەڵایەتی بارگرانی بۆ ئێمە دروست دەکەن، ڕاگرتنی پڕۆژە کۆمەڵێک کێشەى کارگێڕی و داراییمان بۆ دروست دەکات. بەهیواین گوندنشینان و جوتیاران کارئاسانکەر و هاوکار بن، تا ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتیان بکەین. قازانجی پۆند بۆ خەڵکی گوند قازانجێکی ئابوورییە، چونکە سەرچاوەى ئاویان بۆ دابین دەکات بۆ ئاژەڵدارى و کشتوکاڵ و ئاوى ژێرزەوی و مەترسی لافاو کەم دەکاتەوە. دواجار پڕۆژەکە بۆ خزمەتی خەڵکی گوندەکەیە. بەداخەوە لە زۆر شوێن کێشەمان بۆ دروست دەکرێت، ئەوەش وا دەکات پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرێت، یان ناچار بین پڕۆژەکە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە بگوازینەوە".

دۆخی ئاوی سەرەزەوی باشە و هیی ژێرزەوی خراپە

لەبارەى ئاوی ژێرزەوییەوە گوتی: "ئەگەرچی بارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەیی باشتر بوو، لە ناوچەکانیش جیاجیا بوو، بەڵام جۆرى دابارینەکە دابەش و بە قۆناغ بوو؛ ئەوە هاوکاریی بووژانەوەى سەرچاوە ئاوییەکانی سەرزەوی کرد. سەبارەت بە ئاوی ژێرزەوی ئاستەکەى نزمە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش تەنانەت لەم مانگە، بە گوێرەى ئەو خوێندنەوانەى ئێمە وەرمانگرتوون، لە هەندێک شوێن مەتر-دوومەتر کەمترین لە ساڵی رابردوو. لەلایەکی دیکەوە ئێمە دەمانەوێت بووژانەوەى ئاوی ژێرزەوی بە شێوەى دەستکرد دروست بکەین. لەم ڕووەوە لەسەر دوو ئاست کار بۆ بووژانەوە و پاراستنی دەکەین. یەکەم، ڕێنماییەکانی بیرلێدان توندوتۆڵ کراوە و ڕۆژانە ئامێرەکانی بیرلێدانی نایاسایی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تەنیا لە کۆگەکانی هەولێر، نزیکەى ٣٠٠ ئامێرى نایاسایی لێدانی بیر دەستی بە سەردا گیراوە".

ئاماژەی بەوەشداوە: "لە ئاستی دووەم، دوو کار دەکەین، یەکەمیان خستنەناوەوەى ئاوە بۆ ژێرزەوی، لە ڕێگەى دروستکردنی کۆمەڵێک بیرى قووڵ و تەنک، لەو ڕێگەیەوە ئاوى لافاو و سەرزەوی دەخرێنەوە ژێر زەوی. هەڵبەت ئەمەش بە کۆمەڵێک کارى زانستی، چونکە دەبێت ئاوەکە پاک بێت. پڕۆسەى دووەم بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی بەڕازیل، خەریکی دروستکردنی کۆمەڵێک بەربەست یان گۆمین کە لە ڕێگەیەوە کانیاوەکان ببووژێنینەوە، ئەوەش لە ڕێگەى لێکۆڵینەوەى جیۆلۆجییەوە، بۆ کۆکردنەوەى ڕێڕەوی ئاوی و گواستنەوەى ئەو شوێنانەى کە دەکرێت کانییەکانی لێوە ببووژێنینەوە".

حکومەت سیاسەتی هەرەوەزی بۆ کارگێڕیی ئاو گرتووەتە بەر

"دەشڵێت: "کابینەى نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر باشی بە ئاو داوە، کۆمەڵێک بیر ئامادە دەکرێن بۆ هاوینی ئەمساڵی شارى هەولێر و شارە گەورەکان، بۆ ئەوەى کێشەى کەمئاوییمان نەبێت. لەسەر ئاستی درێژخایەنیش کار بۆ ڕاکێشانی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەکان و ڕووبارییەکان بۆ ناو شارەکان دەکرێت. حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بۆ کۆکردنەوەى ئاو؛ ئەویش پۆندە هەرەوەزییەکانن کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و هاووڵاتییان و گوندنشینان دروست دەکرێن، بۆ ئەوەى زۆرترین پۆند بە کەمترین تێچوو دروست بکرێت لەسەر بنەماى زانستی و جیۆلۆجی و هایدرۆلۆجی. بۆیە ئێمە گەشبینین بەوەى پۆندە هەرەوەزییەکان دەبێنە خاڵی وەرچەرخان لە بوارى ئیدارەدانی ئاوی سەر زەوی. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنماییی هەرەوەزیی پۆندەکان دەرکراوە، لەسەر ئەو ڕێنماییە هەرکەس دەتوانێ پۆن دروست بکات".

ئەرکە داراییە گەورەکە لەسەر حکومەتە

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەرچی هێشتا لە قۆناغى سەرەتاى ئەو پڕۆژەیەین، بەڵام لەڕووی داراییەوە، ئێمە پکشنینە زانستی و کیمیاوی و فیزیاییەکان دەکەین، دیزاینی پۆندەکەش دەکەین. تێچووەکەى بەش دەکرێت، بەشە گەورەکەى حکومەت دەیکات، ئەوەى دیکەش لەسەر گوندنشینان و خەڵکە، ئامانجەکە دروستکردنی هاوکاری و هەرەوەزی و کارکردنی پێکەوەییە، هەم لە دروستکردن و هەم لە ئیدارەدان. ئەمە پڕۆسەکە زیاتر پێش دەخات و خێراتری دەکات، کاتێکیش خەڵکی گوندەکە دێنە ناو پڕۆژەکە، پڕۆژەکە کەمتر کێشەى بۆ دروست دەبێت".

Fly Erbil Advertisment