پێنتاگۆن: کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکەمان رەوانەی کەناراوەکانی سووریا کرد

K24 - هەولێر

پێنتاگۆن ناردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "جۆرج ئێچ دبلیو بوش"ی بۆ کەناراوەکانی سووریا راگەیاند، ئەمەش لە دوای هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا دێت لە سووریا.

سابرینا سینگ، جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە بینیمان ژمارەی هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسداران بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا زیادیکردووە، هەر بۆیەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکەمان گواستەوە بۆ ئەوەی نزیکتر بێت، بەڵام هێشتا لە ژێر چاودێری فەرماندەیی ئەوروپی هێزەکان ئەمەریکا دایە.

سابرینا سینگ، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوکاتەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە لە ئەوروپاوە دەگەڕایەوە بۆ ئەمەریکا، بەڵام سەرکردایەتی سەربازی بڕیاریدا رێگای خۆی بگۆڕێت، بۆ ئەوەی لە پێگەیەکی نزیکتر لە سووریادا بێت.

جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەشڵێت: ئەمەریکا پلانی نییە دوای هێرشەکان دەستکاری سەربازەکانی خۆی بکات لە سووریا.