رێبەر ئەحمەد: ئامانجمان داڕشتنی سیاسەتێکی دروستە بۆ رێکخستنی کۆچی یاسایی

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆچ لە ڤیەننا، لەگەڵ جۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچی سوید کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، راکێشانی وەبەرهێنانی سویدی بۆ هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەی پرسی کۆچ تاوتوێ کران.

دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، جۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچی سوید لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان پڕبایەخ بووە و گوتی: هاوئاهەنگی لە دۆسیەی کۆچدا بۆ سوید و هەرێمی کوردستانیش گرنگە، هاوکات لەگەڵ وەزیری ناوخۆ تاوتوێی دەرفەتە ئابوورییەکانمان کرد بۆ ئەوەی بتوانین سەرمایە و وەبەرهێنانی زیاتری سویدی بەرەو هەرێمی کوردستان ئاراستە بکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی رەوشی ژیان و هاندانی خەڵک بۆ مانەوە لە وڵاتی خۆیان.

لە بەرامبەردا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەشدارییان لە یازدەهەمین کۆنفرانسی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی کۆچ (ICMPD) کردووە و لە پەراوێزیدا زنجیرەیەک دیداری دووقۆڵییان لەگەڵ وەزارەتەکانی دادی نەرویج و کۆچی سوید ئەنجام داوە.

وەزیری ناوخۆ گوتی: ئامانجمان لەم دیدارانە داڕشتنی سیاسەتێکی دروستە بۆ رێکخستنی کۆچی یاسایی و هاوکاریکردنی هاووڵاتییانمان لە دەرەوەی وڵات. لە رابردووشدا هەماهەنگیی باشمان هەبووە و توانیمان لە رێگەی دەزگاکانمانەوە کێشەی بەڵگەنامەی فەرمی بۆ سەدان هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین کە بوونەتە خاوەنی رەگەزنامەی نەرویجی.

رێبەر ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوید و نەرویج بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە نیشتمان، گوتیشی: لە رێگەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)ەوە هاوکاریی تەواوی کۆچبەرانی گەڕاوە دەکەین، هاوکات هانی رەوەندی کوردستانی دەدەین لە ئەوروپا کە بە شێوەیەکی ئەرێنی تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان بن، یاساکان بپارێزن و وێنەیەکی گەشی مرۆڤی کورد لە جیهاندا پێشان بدەن.