چاڤی و ئانچیلۆتی قسه‌ی كۆتاییان له باره‌ی كلاسیكۆ كرد

ریال مەدرید پێش ئەوەی گەشتی شاری بارسێلۆنا بکات دوایین راهێنانه‌كانی ئه‌نجامدا، كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید له یه‌كه‌مین لێدوانی‌دا رایگه‌یاند ئێستا كاتی بردنه‌وه‌یه له بارسێلۆنا، له به‌رامبه‌ردا چاڤی هێرناندێز جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌یانه‌وێت چواره‌مین كلاسیكۆ له‌سه‌ریه‌ك له ریال مه‌درید ببه‌نه‌وه.
ریال مەدرید و بارسێلۆنا بۆ یاریی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا دوایین یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنانیان بۆ کلاسیکۆی سبه‌ی ئه‌نجام دا كه بڕیاره یارییه‌كه له كاتژمێر 10:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی كامپ نوو بكرێت.
لە یاریی چووندا کە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، بارسێلۆنا توانی یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بباتەوە.
تیمەکەی کارلۆ ئانچێلۆتی بە ورەیەکی بەرزەوە دەچێتە ئەم یارییە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە سەرکەوتنێکی گەورەی لە لالیگا بەدەستهێنا و بە شەش گۆڵ لە ڤایادۆلیدی بردەوە.
ریال مەدرید بۆ ئەم یاریی تواناکانی ئا‌نتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری ئەڵمانی بۆ دەگەڕێتەوە کە لە یاریی رابردوویان لە لالیگا بەشداری نەکردة فێرلاندی مێندی ئاماده‌ی یارییه‌كه نابێت.
ئانچیلۆتی: كاتی بردنه‌وه‌یه له بارسێلۆنا
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه تیپه‌كه‌ی سه‌لامه‌ته و لە دۆخێکی باشدایه و وره‌یان بەرزە و متمانەیان بە خۆیان هەیە.
ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: تكایه دەربارەی ناوبژیوانی یارییەکە پرسیارم لێ مه‌كه‌ن، وا باشترە سەرنجمان تەنیا لەسەر یارییەکە بێت نەوەک گرنگی بە بڕیارەکانی ناوبژیوانان بدەم و بیر لەو کەسە بکەمەوە کە فیکەی یارییەکە لێدەدات.
ئانچیلۆتی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ دوو یاریزانی گرنگی ئه‌وانن و هیچ گومانێکیان لێیان نییە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە بەرامبەر بارسێلۆنا بە سەرەکی یاریی ده‌كه‌ن ئەوان بەباشی لە بڕیارەکان تێدەگەن.
ئانچیلۆتی گوتیشی: یارییەکانی کلاسیکۆ هەموو کاتێک بۆ ئێمە گرنگە، بە تایبەت ئەم وەرزە، چونکە رکابەرییەکی بەهێز هەیە، پێموایە ئێستا کاتیەتی سەرکەوتن تۆمار بکەین بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی، چونکە پاڵەوانیەتی جامی شای ئیسپانیا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. رەنگە گۆڕانکاری لە پلانەکانمان بکەین، رەنگە گۆڕانکاریش نەکەین، لە دوو یاریی رابردوو بەباشی یاریمان کردووە، بەتایبەت لە یاریی کۆتاییدا لە کامپ ن‌و زۆر نزیک بووین لە سەرکەوتن.
بارسێلۆنا بۆ كلاسیكۆ كێشه‌ی هه‌یه
بارسێلۆناش دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی ئەنجامدا و ئامادەکاریی تەواوی بۆ یاریی کلاسیکۆ کردووە، به‌ڵام 4 یاریزانی بۆ یاریی كلاسیكۆ بێبه‌ش ده‌بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارسێلۆنا ئامانجیەتی سەرکەوتنەکەی یاریی چوون دووبارە بکاتەوە و خۆی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە.
چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا لیستی تیپەکەی بۆ ئەم یارییە ئاشکرا کرد و لە تواناکانی 4 یاریزانی بێبەش دەبێت، هەریەکە لە كریستینسن، عوسمان دێمبێلێ، پێدری و فرێنکی دی یۆنگ بەهۆی پێکانەوە ناتوانن یاریی بکەن.
چاڤی بۆ ئەم یارییە چەند یاریزانێکی لاوی بانگهێشت کردووە، لەوانە ئانخێل ئالارکۆن و ئالێکسیس گاریدۆ و ئیستانیس پیدرۆلا.
چاڤی: ده‌مانه‌وێت یال مه‌درید كۆنترۆڵ بكه‌ین
چاڤی هێرناندێز پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی، به‌شداریی پرێس كۆنفرانسێكی كرد و رایگه‌یاند كه چاوەڕێی یارییەکی سەخت دەکەن، چونكه ڕووبەڕووی بێنزیما، ڤینیسیۆس، ڤالڤێردی و ڕۆدریگۆ ده‌بنه‌وه.
چاڤی ده‌شڵێت: لە جامی سوپەر بەرامبەر ریال مەدرید یارییەکی باشمان کرد، و نمونەیەکی جوانمان نیشاندا، له‌م یارییه‌ش ده‌مانه‌وێت كۆنترۆڵی ریال مه‌درید بكه‌ین. ئامانجی منیش ئه‌وه‌یه هه‌موو وه‌رزێك زیاتر له نازناوێك ببه‌مه‌وه، ئه‌مساڵیش ئێمە ده‌رفه‌تی بردنەوەی دوو جاممان هەیە، ئێستا چانسی گەیشتنمان بۆ یاری کۆتایی هه‌یه، له‌ولاشه‌وه له نازناوی لالیگا نزیك بووینه‌ته‌وه، ئێمە تیمێکی گەورەین و ئامادەین بۆ سەرکەوتن.
چاڤی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئه‌وان سبه‌ی به‌رامبه‌ر پاڵه‌وانی ئه‌ورووپا یاریی ده‌كه‌ین كه ریال مه‌دریده، ده‌شڵێت: 3 كلاسیكۆی له‌سه‌ریه‌كمان بردووه‌ته‌وه، ریال مەدریدیش دەیەوێت ئەمجارە سەرکەوتن تۆمار بکات، به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت بیكه‌ینه چواره‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك.
چاڤی گوتیشی: ئامادە نەبوونی پێدری و دێ یۆنگ هێندە گۆڕانکاری لە پلانەکانمان ناکەن، یاریزانی دیکەمان هەیە لە ناوەڕاست و هەوڵدەدەین بە شێوازی تایبەتی خۆمان یاریی بکەن، لە ژووری جل گۆڕین باسی کێشەکانی دەرەوە ناکەین و گرنگیش بە یوێفا و کەیسی نێگرێرا نادەین، هه‌رچه‌نده ده‌مانه‌وێت ناوبژیوانیش یارییەکە بەباشی بەڕێوەببات و هیچ هەڵەیەک نەکات.