فەرەنسا خەرجییە سەربازییەکانی بۆ زیاتر لە 400 ملیار یۆرۆ بەرزدەکاتەوە

K24 - هەولێر:
فەرەنسا، دەیەوێت خەرجییە سەربازییەکانی بۆ ساڵەکانی 2024 - 2030 بۆ 413 ملیار یۆرۆ بەرزبکاتەوە.
رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، لە کۆشکی ئێلیزێ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
لەو راگەیەندراوەی کە لە دوای کۆبوونەوەکە بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە تاوتوێی ئە پرۆژە یاسایە کراوە کە پێشبینی ئەوە دەکات خەرجییە سەربازییەکان بۆ ساڵەکانی 2024 - 2030 بۆ 413 ملیار یۆرۆ بەرز بکرێتەوە.
سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، خەرجییەکانی هەواڵگریی لە چوارچێوەی پرۆژە یاساکەدا سەدا 60 زیاددەکات.
لیکۆرنو، ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژە یاساکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمان و دواتر لە ناوەڕاستی مانگی ئایار لە کۆمەڵەی گشتی تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات، میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە باسیان لەوە دەکرد، 13 ملیار یۆرۆی ئەو بوودجەیە بۆ پاڵپشتیی سەربازیی ئۆکرانیا تەرخاندەکرێت.
فەرەنسا، ئەو بوودجەیەی کە بۆ خەرجییە سەربازییەکانی ماوەی 2019 - 2025 تەرخانی کردبوو 295 ملیار یۆرۆ بوو.