لە مزگەوتی ئەقسا شەڕ و پێکدادان روویدا

K24 - هەولێر

شەوی رابردوو لە مزگەوتی ئەقسا شەڕ و پێکدادان روویدا، دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر حەرەمی مزگەوتی ئەقسا لە قودسی رۆژهەڵات، حەماس ئەمە بە تاوانێکی بێ وێنە دەزانێت.

ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە ناوەڕاستی مانگی رەمەزاندا روویدا و ئەمە لە کاتێکدایە کە جولەکەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئاهەنگگێران بە بۆنەی جەژنی فەسحی جولەکەکان.

ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس داوای لە فەلەستینییەکان کرد بچنە قودس بۆ پاراستنی مزگەوتی ئەقسا.

زیاد ئەلنەخالە، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی گوتی: "ئەوەی لە مزگەوتی موبارەکی ئەقسادا روودەدات مەترسییەکی جددییە بۆ سەر پیرۆزییەکانی ئێمە"، هۆشداریشیدا لەوەی گەلی فەلەستین دەبێت هەموویان ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەکانی رۆژانی داهاتوودا".

پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاتر لە 350 کەسمان لە مزگەوتی ئەقسا دەستگیرکردووە.

لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیسرائیلدا هاتووە، "ئێوارەی دوێنێ پۆلیس کاریان دەکرد بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان ئاهەنگی مانگی رەمەزان بگێڕن و بگەنە شاری کۆنی قودس، چەند گەنجێکی دەمامکداری لە یاسا دەرچوو و ئاژاوەگێڕ بە بەرد و چەقۆوە چوونە ژوورەوەی مزگەوتی ئەقسا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئەو کەسانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خۆیان لەژوورەوە ناوە بۆ ئەوەی زیان بە ئاسایشی گشتی و مزگەوتەکە بگەیەنن، هاوکات "دروشمی رق و توندوتیژی"یان دەگوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەندراوێکدا، هێرشی پۆلیسی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا ئیدانە دەکات و داوای لە ئیسرائیل کردووە، دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت کە نوێژخوێنان تیرۆر دەکەن.

میسر ئیسرائیلی بە بەرپرسیار زانی لەم پەرەسەندنە مەترسیدارە، کە دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵەکانی ئاگربەست".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بە هۆی ئەو توندوتیژیانە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل نزیکەی 110 کەس گیانیان لەدەستداوە.

Fly Erbil Advertisment